ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت زیاتر لە ریال مەدرید دووربکەوێتەوە

27-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرە درەوشاوەکانی بارسێلۆنا، پاش بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان، جارێکی دیکە گەڕانەوە مەشقەکانی یانەکە.
 
دۆخەکە نامۆ دێتە بەرچاو، هێشتا کەس پشووی نەداوە، بەڵام ئەرکێکی نوێ چاوەڕێی بارسایە، رووبەڕووبوونەوەی ئۆساسۆنا لە لالیگا.
 
دڵخۆشی، پێکەنین و ئارامی بەسەر کۆی کەشەکە و نوێترین یەکەی مەشقی یانەکەدا زاڵە..
 
چێزنی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشبەرەکانی ئۆساسۆنا ئامادە دەکات، بەرگریکەرەکان لەسەر بەرگری و لیڤاش بەپێچەوانەی ترسەکانەوە، بەوپەڕی ئامادەییەوە دەردەکەوێت.
 
لامین لە مەشقەکانیشدا زۆرترین سەرنجەکان بۆخۆی دەبات.. ئەو پاش گۆڵە ناوازەکەی لە هۆڵەندا، ئیدی بۆ تۆقاندنی بەرگریکەرانی لالیگا گەڕاوەتەوە..
 
مەشقەکان بەردەوامبوون و فلیکیش دەزانێت تیپەکەی دەبێ وەک مەشقێکی دیکە، رکابەرێکی دیکە لە لالیگا تێپەڕێنێت، تاوەکو بەئارامی لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆتایی بەرکابەریی لەسەر لالیگا بهێنێت.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگایە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو، جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم بۆ سێ خاڵ بەرزبکاتەوە و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەم بەهێزتربکات.
 
ئەم یارییە بۆ بارسا تایبەتە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەدا یانەکە بە ئۆساسۆنا دۆڕاوە و بلاوگرانا دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە گوتی "تیپەکەم پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی توانای جەستەیی خۆی بگەڕێنێتەوە، پێموایە ئەمە کاری فیفا و یۆفایە کە بتوانن دوای پشووی نێودەوڵەتی ئەم بارودۆخە چاک بکەن."
 
راهێنەری بارسا لەبارەی یارییکردنی رافینا و ئاراوخۆ دەڵێت "رۆناڵد ئاراوخۆ و رافینیا یاری ناکەن، لە گەشتێکی دووری فرۆکە گەڕاونەتەوە، پێویستە پشوو وەرگرن، بەڵام دەبێت راهێنان ئەنجام بدەن."
 
یاریی نێوان هەردوو یانە لە گەڕی 27ـی خولی ئیسپانیا، بڕیاربوو رۆژی 8ـی ئەم مانگە بکرێت، بەڵام بەهۆی کۆچی دوای کارلێس مینیارۆ گارسیا، پزیشکی یانەی بارسێلۆناوە دواخرا و ئەمشەو کاژێر 23:00 یارییەکە بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە