رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید چووەتە نێو ململانێی گرێبەستکردن لەگەڵ یەکێک لە ئەستێرەکانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کاتێکدا چەندین یانەی دیکەی گەورەی ئەورووپا، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە دەدەن.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، سەرۆکی ریال مەدرید خۆی سەرپەرشتی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکات، ئەوەش مانای بایەخی هێنانی یاریزانەکە بۆ ریال مەدرید دەردەخات.
بەپێی سەرچاوەکان، ریال مەدرید بڕياریداوە گرێبەست لەگەڵ مارتن زوبیمێندی، ناوەڕاستکاری ریال سۆسیێدادی ئیسپانی بکات و بیکاتە ئامانجی گەورەی هاوینی داهاتوو.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دووپاتیدەکەنەوە، ریال مەدرید مەبەستیەتی ئەو یاریزانە بەچوونە ریزەکانی رازی بکات، لە کاتێکدا ئارسیناڵی ئینگلیزیش، لە هەمان پێشبڕکێی بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانەیە.
ریال مەدرید گوشاری زۆر دەکات بۆ رازیکردنی زوبیمێندی، دەیەوێت بەدەستەوارەکەی رازی بکات، بەرلەوەی بەرپرسانی ئارسیناڵ بەتەواوی بێنە نێو دۆخەکەوە و کارەکە لە ریال مەدرید ئاڵۆز بکەن.
سەرچاوەکان دەڵێن، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە، هەڵسەنگاندن بۆ دەستەوارەکان دەکات و پێدەچێ ئەویش مەیلی بەلای رازیبوون بەدەستەوارەکەی ریال مەدرید بێت.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، خۆی سەرپەرشتی دۆسێی گرێبەستکردن لەگەڵ زوبیمێندی دەکات، ئەو پێیوایە ئەو یاریزانە باشترین شوێنگرەوەی تۆنی کرووسە کە هاوینی رابردوو، وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ راگەیاند.
زوبیمێندی گرێبەستی لەگەڵ سۆسیێداد تاوەکو 2027ە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە.
زوبیمێندی بەیەکێک لە یاریزانە سەرنجڕاکێشەکان دادەنرێت لە ناوەڕاستی سۆسیێداد و هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەرێکخەری ریتمی تیپەکان دادەنرێت.
زوبیمێندی، ئەمساڵ بەشداری لە 38 یاریی ریال سۆسیێداد کردووە و دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ