رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنانی کۆکایین لەنێو هاندەرانی تۆپی پێی خولە جیاوازەکانی بەریتانیا، بووەتە کێشەیەکی نوێ کە بەرۆکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی گرتووە و نیگەرانییەکی زۆری لە نێوەندی تۆپی پێدا دروستکردووە.
دەستگیرکردنی هاندەران لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە لەنێو یاریگاکان روو لە زیادبوونە. دەسەڵاتداران زیادبوونی بەکارهێنانی ئەو هۆشبەرەیان بەستووەتەوە بەزیادبوونی تووندوتیژیی نێو یاریگاکان.
توێژینەوەکان دەریدەخەن، ئێستا لەنێو یاریگاکاندا، کۆکایین لە خواردنەوە کحولییەکان زیاتر بەکاردەهێنرێت. پۆلیسی بەریتانیا دەڵێ، پێشتر لە یارییەکانی یۆرۆی 2020 و 2024، بەکارهێنانی کۆکایین لەلایەن هاندەرانەوە زۆر بووە.
هاندەران بۆ هێنانە ژوورەوەی هۆشبەری کۆکاین بۆ نێو یاریگەکان، ئەو هۆشبەرە تێکەڵ بەخواردنەوە کحولییەکان دەکەن. شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی تێکەڵکردنی کۆکایین لەگەڵ خواردنەوە کحولییەکان، پێکهاتەیەکی مەترسیدار دروست دەکات، کە هاندەران بەکاری دەهێنن و ناوێکی نوێیان لێناوە بە ناوی 'کۆکائیسیلین' ئەمەش مەترسییەکی زۆر لەسەر تەندروستیی هاندەران دروستدەکات.
ئەگەر بەکارهێنەرانی ئەو تێکەڵەیە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربکرێن، بەپێی یاساکانی بەریتانیا سزای تووندتر دەدرێن.
دەسەڵاتداران و هاندەران داوا دەکەن، بەزووترین کات ئەم کێشەیە کۆنترۆڵ بکرێت و گیانی سەلامەتی هاندەران لەنێو یاریگاکاندا بپارێزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ