وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە سێ یاری دەستپێدەکات

13-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-10-2022 وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی کوردستان دەستپێدەکات و سێ یاریی لەسەرەتای یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولەکەدا بەڕێوەدەچن.
 
لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، 15 یانە بەشداریانکردووە، دوای ئەوەی یانەی نەورۆز بڕیارییدا خۆی لە خولەکە بکشێنێتەوە، بەمەش بۆ هەموو گەڕەکان یانەیەک یاریی ناکات و چاوەڕوان دەبێت.
 
یاریی لووتکەی ئەمڕۆی خولەکە لە پیرمام دەبێت، کاتێک یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ئاکرێ یارییدەکات، هەردوو یانە گۆڕانکاریی زۆریان لە ریزەکانیاندا کردووە و دەیانەوێت بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بچنە نێو رکابەرییەکانی خولەکە.
 
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە رووداوی گوت " تیپەکەی بۆ ئەم وەرزە بەباشی ئامادەکاریی کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە بکات."
 
راهێنەری یانەی ئاکرێ، مەحموود مەجیدە، کە یەکێکە لە راهێنەرە دیارەکانی عێراق و ئەزموونێکی زۆری لە خولەکانی کوردستاندا هەیە، ئەو بە رووداوی گوت " دەمەوێت ئاکرێ بکەمە ئەسپی رەشی خولی نایابی کوردستان و بەڵێن دەدەمە هاندەران تیپێکی بەهێزیان بۆ دروستبکەم."
 
جگە لەم یارییە دوو یاریی دیکە لە هەمان کاتی یارییەکەی پێشمەرگەی هەولێر و ئاکرێ ئەنجامدەدرێن، یانەی دهۆک کە ماوەیەکی کەمە ئامادەکارییەکانی بۆ خولەکە دەستپێکردووە بەرامبەر یانەی شێروانە یارییدەکات، هەردوو یانەی چەمچەماڵ و شەقڵاوەش لە چەمچەماڵ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە