رووداو دیجیتاڵ
یانەی شێروانە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، دوای ئەوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێری رکابەری دۆڕا.
ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی 27ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەستیانپێکرد، یانەی پێشمەرگەی هەولێر، کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات، لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا و بەمەش یانەی شێروانە نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستانی مسۆگەرکرد.
یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لەلایەن یانەی شێروانەوە لەکاتێکدایە یانەکە سبەی یارییەکەی بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ ئەنجامدەدات.
عادل عەلی، راهێنەری یانەی شێروانە بە رووداوی گوت "من ئێستا دڵخۆشترین کەسی کوردستانم، سوپاس بۆ یاریزانەکانم و هەموو کارگێڕیی یانەکە کە لە ماوەی رابردوودا هاوکارییەکی زۆریان کردین بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستان."
راهێنەری یانەی شێروانە زیاتر دەڵێت "بە یاریزانی نەمتوانی خەونی بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان ببەمەوە، وەکو راهێنەر گەیشتم بەو خەونە و قەرزاری، یاریزانان، هاندەران و کارگێڕیی یانەکەمم و سوپاسی پاڵپشتیی هەمووان دەکەم."
عادل عەلی، لەبارەی نهێنی بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان بە رووداوی گوت "نهێنی بردنەوەی خولەکە، ئەو یەک ریزییە بوو کە لەنێوان یاریزانان و هەموو یانەکەدا هەبوو."
شێروانە لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا لە 25 یارییدا 16 یاریی بردووەتەوە، 5 یەکسانبوون و 4 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بە 53 خاڵ و دوو یاری بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە نازناوەکەی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ