قاسم دەگەڕێتەوە قاسم

12-02-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق خولی نایابی کوردستان
A+ A-

رووداو دێجیتاڵ 

ئەیسەر قاسم، یاریزانی یانەی هەندرێن ئاشکرایکرد، رەسوڵ جاسم سەرۆکی نوێی یانەی قاسمی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەیەوێت ئەو بگەڕێنێتەوە یانەکەی پێشووی و بەڵێنی بوون بە باوکێکی باشی پێداوە.  
 
ئەیسەر قاسم کە پێشتر وەرزێک یاریی بۆ یانەی هەندرێن کردووە لە خولی نایابی کوردستان، هاوینی پێشوو پەیوەندی بەیانەی قاسمەوە کرد بۆ بەشداریکردن لەگەڵ ئەو یانەیە لە خولی عێراق، بەڵام بەبڕیاری دەستەی کارگێڕیی یانەکە و بەبێئەوەی بەشداری لە هیچ یارییەک بکات، لە ریزەکانی یانەکە دوورخرایەوە، هەر بۆیە ئەیسەر سکاڵای لەسەر یانەکە تۆمارکرد و یانەی قاسمی بەرەو هەندرێن بەجێهێشت.
 
ئەیسەر قاسم لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد چەند رۆژێک لەمەوبەر، لەشاری دهۆک چاوی بەشاندی یانەی قاسم کەوتووە و لەگەڵیان کۆبووەتەوە. وەک ئەیسەر دەڵێ "رەسوڵ جاسم، سەرۆکی ئەو یانەیە هاتە لام و پێی گوتم دەمەوێت بگەڕێیتەوە یانەکە و ئەو نیو وەرزەی کە ماوە دەمەوێت لەگەڵ ئێمە بەردەوام بیت". 
 
ئەو یاریزانە، کە ئێستا پێکانی هەیە و نیشتەجێی دهۆکە، ئاشکرایکرد، سەرۆکی یانەکە پێی راگەیاندووە، "تۆ وەک کوڕی من وایت و بەڵێن بێت ببمە باوکێکی باش بۆت، ئێمە پێویستمان پێتە، ئەو کێشانەی لە رابردوودا روویاندا، دەستەی کارگێڕی پێشوو لێی بەرپرس بوون و ئێستاش دەمانەوێت ئەو هەڵەیە چاکبکەینەوە کە کردوومانە".
 
ئەیسەر روونیدەکاتەوە، کە ئەو لەپاش دوورخستنەوەی لەلایەن دەستەی کارگێڕیی پێشووی یانەی قاسمەوە، سکاڵای لەسەر یانەکە تۆمارکردووە، بەڵام دەستەی نوێی کارگێڕیی و سەرۆکی نوێی یانەکە، دەیانەوێت پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئەو ئاسایی بکەنەوە و بیگەڕێننەوە یانەکەیان.
 
لەبارەی بڕياردان لەچارەنووسی خۆی، ئەیسەر ئاشکرایکردووە، حەزدەکات بگەڕێتەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەڵێ، "ئەو مامەڵەیەی سەرۆکی یانەی قاسم وای لێکردم بە داواکەی رازی ببم و لەگەڵ یانەی هەندرێن قسەمکرد بۆ ئەوەی مافی دەستبەرداربوونم بدەنێ و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەم".
 
رەسوڵ جاسم، سەرۆکی یانەی قاسم لە بارەی گەڕانەوەی ئەیسەر بۆ رووداو گووتی "پێویستیمان بە ئەیسەرە و یاریزانێکی لێهاتووە، ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە پێویستمانە، بەشێوەیەکی زارەکیش لەگەڵ یاریزانەکە رێککەوتووین و چاوەڕێی دوایین بڕیاری ئەیسەرین".  
 
ئەیسەر بڕیاربوو ئەم وەرزە لەگەڵ هەندرێن درێژە بەیارییکردن بدات، بەڵام پێکان لە حەوز، ئەوی بەیەکجاری لە یاریگەکان دوورخستووەتەوە و هێشتا بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە و بۆ یارییکردن ئامادە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە