رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات و خوازیارە ئەمشەو بە ریمۆنتادایەکی مێژوویی بلیتی سەرکەوتن بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە قورگی ئارسیناڵ دەربهێنێت.
ریال مەدرید لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا میوانداریی ئارسیناڵ دەکات، کە ئەرکەکەی زۆر قورسە دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لە لەندەن بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر پێیدۆڕا، کە دیکلان رایس دوو گۆڵ و میکێل مێرینۆ گۆڵێکی بۆ لەندەنییەکان تۆمارکرد.
ریال مەدرید پێویستی بەوەیە بەجیاوازی چوار گۆڵ لە یانە لەندەنییەکە بباتەوە، یان بەجیاوازی سێ گۆڵ و بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بلیتەکە لە ئارسیناڵ وەربگرێت.
هاندەران، یاریزانان و راهێنەرانیش متمانەیان بە تیپەکەیانە بۆ ئەوەی ریمۆنتادایەکی مێژووی و شەوێکی دیکەی سیحراوی چامپیۆنزلیگ لەنێو بێرنابیۆدا تۆماربکەن، کە پێشتریش ئەو یانەیە چەندین جار ریمۆنتادای کردووە.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید و هیوایان پێدەبەخشێت ئەوەیە کە باشترین ناوبژیوانی ئێستای جیهان یارییەکە بەڕێوەدەبات و لەگەڵیدا ریال مەدرید هەرگیز لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا نەدۆڕاوە.
لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاند، فرانسوا لوتیکسیێ، ناوبژیوانی فەرەنسی سەرکردایەتی تیمێکی ناوبژیوانانی فەرەنسی دەکات بۆ ناوبژیوانیکردنی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و ئارسیناڵ.
ئەو ناوبژیوانە بەباشترین ناوبژیوانی جیهان لە ساڵی 2024 دەستنیشانکرا، کە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024ـی بەڕێوەبرد.
لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ناوبژیوانی فەرەنسی تەمەن 35 ساڵی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە، ئەمەش بۆ وەرزی ئەوروپای ریال مەدرید زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە نزیکە لە ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە.
لوتیکسیێ لەساڵی 1989 لەدایکبووە، لە ساڵی 2017ـەوە نیشانەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ژمارەیەکی پێوانەیی سەرنجڕاکێشی هەیە لە ناوبژیوانیکردنی یارییە گەورەکان، دوای چەند مانگێک ناوبژیوانی، یەکەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی لە ساڵی 2018 بەڕێوەبرد، کە یارییەکەی نێوان بولگاریا و بۆسنە بوو.
پاشان ناوبژیوانی بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای نێوان مانچێستەر سیتی و سێڤییا کرد، پێش ئەوەی لە 14ـی تەمموزدا گەورەترین یاریی لە کاروانیی ناوبژیوانیی خۆیدا ئەنجام بدات، کاتێک فیکەی دەستپێکی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024ـی نێوان ئیسپانیا و ئینگلتەرای لێدا، کە ئیسپانیا 2-1 بردییەوە و جامی ئەورووپای بەدەستهێنا.
ناوبژیوانەکە بەشداری لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر نەکرد، بەڵام بەربژێرە بۆ ئەوەی لەنێو ناوبژیوانانی مۆندیالی 2026ـدا بێت، دوای ئەوەی خەڵاتی باشترین ناوبژیوانی جیهان بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێناوە.
فرانسوا لوتیکسیێ پێشتر ناوبژیوانی بۆ 4 یاری ریال مەدرید کردووە، دوایاریش لە مانگی تشرینی دووەم، لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بوو، کاتێک تیپەکەی کیلیان ئێمباپێ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە لیڤەرپوول دۆڕا، دوای ئەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە لێدانی سزای لەدەستدا.
بەڵام ریال مەدرید لەگەڵ فرانسوا لوتیکسیێ لەنێو یاریگای خۆیدا یەک یاری نەدۆڕاندووە، کە لە چامپیۆنزلیگی ساڵی رابردوودا بەئەنجامی 3-3 لەگەڵ مانچێستەر سیتی یەکسانبوون. لە هەمان پاڵەوانێتیدا بەرامبەر ناپۆلی بەئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێش ئەوەش لە ساڵی 2022 بەئەنجامی 2-0 لە چێڵسی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ