رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو بەڕێوەدەچێت و یانەی دهۆک لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
لە گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداودا، کاژێر 19:00 یانەی دهۆک لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی قادسیەی کوێتی دەکات.
دهۆک یەکەم یانەی کوردستان و عێراقە بگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو و پێشتر هیچ یانەیەکی عێراق نازناوەکەی نەبردووەتەوە.
بۆ ئەم یارییە نزیکەی 23 هەزار بلیت فرۆشراون، هەزاران هاندەر لە دهۆک، کوردستان و عێراق چاوەڕێی ئەم یارییە مێژووییە دەکەن و لە سەنتەری شاری دهۆک دوو شاشەی گەورە دادەنرێن و هەموو کافێ و رێستورانتەکانیش ئەم یارییە مێژووییە پێشاندەدەن.
لە یارییەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و دەیان بەرپرسی دیکەی کوردستان، عێراق و تۆپی پێی کەنداو ئامادەدەبن.
براوەی جامی کەنداو جگە لە جامی پاڵەوانێتییەکە بە 3 ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت و خاوەنی پلەی دووەمیش 1 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە بە رووداوی گوت: "ئەم میللەتە دڵخۆشییەکی گەورەی نەبینیوە، بە یاریزانەکانم گوتووە، یاریی خۆمان بکەین و نەترسین دەبینە پاڵەوان."
راهێنەری دهۆک دەڵێت، ساردە و باران دەبارێت، بەڵام تاوەکو کۆتایی یارییەکە نابێت کەس بڕواتەوە، چونکە لە 15 خولەکدا یاری کۆتایی نایەت.
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانەی سێشەممەی رابردوو لە کوێت بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتووە و ئەوەی یارییەکە بباتەوە دەبێتە پاڵەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ