رووداو دیجیتاڵ
تیپێکی یاریی پەبجی کوردستان، لە ئۆزباکستان بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتییان کرد، بەڵام لە یارییەکیاندا نەیانهێشت بەجلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بچنە ژوورەوە و ناچار جلەکانیان پێگۆڕیون بۆ ئەوەی بچنە نێو هۆڵی پاڵەوانێتییەکە.
پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 25 تیپ بەڕێوەچوو و لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا تەنیا سێ تیپ بەشداربوون و یەکێک لەو تیپانەش تیپی k21ـی کوردستانی بوو، کە توانییان تاوەکو قۆناخی 16 بەردەوام بن و لەو قۆناخەدا ماڵئاواییان کرد.
کاژوان حەکیم، سەرپەرشتیاری تیپەکەی کوردستان، کە لە پێنج یاریزان پێکدێت، بۆ رووداو ئاشکرایکرد "ئێمە ویستمان بەشدارییەکی شایستە لەو پاڵەوانێتییەدا بکەین، بەڵام لە یاریی قۆناخی 16ـەدا پێش ئەوەی بچینە ژوورەوە ویستمان بەجلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداری بکەین، بەڵام رێگرییان لێکردین، بۆیە ناچار جلەکانمان گۆڕی".
کاژوان زیاتر بۆ رووداو، گوتی "تەنیا رێگری لە ئێمە کرا کە بەجل و ئاڵای نەتەوەیی خۆمانەوە بەشداری بکەین، لەکاتێکدا زۆربەی وڵاتانی دیکە رێگەیان پێدرا ئاڵای خۆیان بهێننە ژوورەوە و نمایش بکەن، کاتێک پرسیم بۆچی نابێت ئاڵای نەتەوەیی خۆم ببەمە ژوورەوە؟ پێیان گوتم، ئاڵای کوردستان قەدەخەیە".
دوێنێ پاڵەوانێتییەکە لە ئۆزباکستان کۆتاییهات و تیپی رێگنوم کاریای تورکی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بە 10 هەزار دۆلار خەڵات کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ