رۆناڵدۆ دەیەوێت بەبێ سێ و دوو نەسڕ هاوڕێیەکی پێشووی بگوازێتەوە

14-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاسێمیرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، داوای لە کارگێڕیی یانە سعودییەکە کردووە بەهەر نرخێک بێت گرێبەست لەگەڵ کاسێمیرۆی هاوڕێی پێشووی لە ریال مەدرید بکەن.
 
فیلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشێوەیەکی کەسی دەستوەردانی کردووە بۆ ئەوەی کارگێڕیی یانەکەی رازی بکات گرێبەست لەگەڵ یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ئێستای پرێمەرلیگ بکەن.
 
چەند راپۆرتێکی پێشووتر ئاماژەیان بەوە کردووە، کە کارگێڕیی نەسڕ بەشێوەیەکی چالاکانە هەوڵدەدەن رۆناڵدۆ رازی بکەن بۆ ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو لەگەڵ تیپەکەدا بمێنێتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەم خواستە گەرمە، یانەکە کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکانی بەدروستکردنی تیپێکی بەهێز لەدەوری کە وەرزی داهاتوو نازناوەکان بەدەستبهێنێت.
 
ناوی نەسڕ پەیوەندی بە چەندین ئەستێرەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، دیارترینیان کاسێمیرۆی بەرازیلییە، ئەستێرەی ئێستای مانچێستەر یونایتد و هاوڕێی پێشووی "دۆن" لە ریال مەدرید.
 
لە دوایین مێرکاتۆی زستانەدا روبێن ئامۆریمی راهێنەری پۆرتوگالی یانەی شەیتانە سوورەکان لاری نەبوو لەوەی کاسێمیرۆ لە یانەکەی بڕوات، بەڵام ئەم یاریزانە بەم دواییە فۆڕمی خۆی لە ئاستێکی باشدا بەدەستهێناوەتەوە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی کاسێمیرۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تاوەکو کۆتایی وەرزی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش هەیە ئەگەر لەنێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەربکرێت.
 
رۆناڵدۆ زۆر بەباشی کاسێمیرۆ دەناسێت، لەماوەی نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2018 لە ریال مەدرید پێکەوە یارییان کردووە، هەروەها لەنیوەی یەکەمی وەرزی 2022-2023 بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ مانچێستەر یونایتد یارییان کردووە.
 
کاسێمیرۆ لە هاوینی 2022 لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە یونایتدەوە کرد و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 درێژ دەبێتەوە.
 
فێلیکس دیاز لە هەڤپەیڤینیکی تەلەڤزیۆنیدا، گوتی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئارەزووی خۆی بۆ گواستنەوەی کاسێمیرۆی هاوڕێی پێشووی لە یانەی مانچێستەر یونایتد دووپاتکردووەتەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە لەلایەن نەسڕەوە بگوازرێتەوە".
 
ئەو روونیشیکردەوە، ئەستێرە بەرازیلییەکە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەڕاوەتەوە ناو پێکهاتەی سەرەکی، بەڵام یانەی نەسڕ لە وەرزی داهاتوودا زیاتر پێویستی بە یاریزانێکی ناوەڕاستی هێرشبەرە و دۆن دەیەوێت بەرپرسانی یانەکەی هەموو شتێک بکەن لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی کاسێمیرۆ.
 
لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، ئەو یانەیە هیچ نازناوێکی فەرمی نەبردووەتەوە، کە ئێستا بەکۆکردنەوەی 57 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی رۆشندایە و بە خاڵێک لەدوای هیلالی پلەی دووەم و 8 خاڵ لەدوای ئیتیحادی یەکەمەوەیە، بۆیە رۆناڵدۆ دەیەوێت بەر لەوەی واز لە یاریکردن بێنێت نازناوێک لە سعودیە بباتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە