پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر پرسی کورد تاوتوێ دەکەن

28-02-2025
دیار سلێمان
 وێنەیەک لە پانێلی کۆڕبەندەکە.
وێنەیەک لە پانێلی کۆڕبەندەکە.
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی جەهەپە دەڵێت، دەبێت پرسی کورد لە تورکیا بەشێوەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکرێت. یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤاش دەڵێت، پێویستە بەربەستەکانی بەردەم خویندن بە زمانی کوردی هەڵبگیرێن. پەرلەمانتاریکی پێشووی ئاکپارتیش ئاماژە بەوە دەکات، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لە نێو ئاکپارتیدا بووە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەوڵی داوە. پەرلەمانتارێکی دەم پارتیش لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت: ''نابێت لە ئاشتیدا بەدوای دۆڕاو و براوەدا بگەڕێیت. ئاشتی، دۆخێکە هەمووان تێیدا سەرکەوتوو دەبن''.
 
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی شوباتی 2025، لە دوایین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ سێ رۆژ بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، بەڕێوەی برد، پرسی کورد لە لایەن پەرلەمانتارانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا تاوتوێکرا. 
 
ئۆغوز کان ساڵیجی، پەرلەمانتاری جەهەپە لەبارەی پرسی کورد لە کۆڕبەندەکە گوتی: ''جەهەپە بۆ پرسی کورد پارتێکی هەستیارە. پارتێکە پێیوایە، پرسی کورد هەیە و دەبێت بەشێوەی دیموکراسی چارەسەر بکرێت. دوایین جار لە پرۆسەی چارەسەری 2013-2015 دا جەهەپە گوتی، ئەم کێشەیە دەبێت لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت''.
 
ساڵیجی لەبارەی بانگەوازەی ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە ''دوێنی بانگەواز کرا پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە شتێکی زۆر گرنگ و بایەخدارە. سیاسەت لەژێر سێبەری چەکدا ناکرێت، سەردەمی ئەوە تەواو بووە کە بە رێگەی خەباتی چەکداری بە دوای مافەکانتدا بگەڕێت. بۆیە هیوادارم چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەکە جێبەجێ بکرێ و ئیدی سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات. دوای ئەوە، دەبێت سەردەمی بەدیموکراسیبوون دەستپێبکات. ئەم بەدیموکراسیبوونەش، نەوەک بە تەنیا بۆ کورد، بەڵکو دەبێت بۆ تەواوی ئەو 85 ملیۆنە بێت لە تورکیادا دەژین''.
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەوەی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شەڕی سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە دەستیپێکردووە، پارتەکەی بەربەستی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دروستنەکردووە؛ گوتیشی: ''جەهەپە هەموو کاتێک بۆ بەدیموکراسیبوون هەوڵی داوە و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەمەی کردووە، بۆیە ئەمڕۆ یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی دەنگدەری کورد لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای تورکیا رووی لە جەهەپە کردووە، لەبەر ئەو هەوڵە دیموکراسییەی بووە''.
 
ساڵیجی لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی ئاماژەی بەوە کرد کە ''ئێستا لە پارتەکەدا(جەهەپە) شتێکی لەم شێوەیە نییە. بەڵام ئەمە بڵێم، ناسنامە و زمانی دایکی تاکەکان، شکۆی ئەوانە. دەبێت هەموو بەربەستەکانی بەردەم مافی ئازادیی زمان، ناسنامە و کولتوور هەڵبگیریت''.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا لەبارەی پرسی کورد گوتی: ''پارتی دەڤا لە بەرنامەی خۆیدا بە باوەڕبەخۆبوونەوە پرسی کوردی تاوتوێکردووە. پارتی ئێمە لە چوارچێوەی ماف و ئازادییەکان کاردەکات، لە بابەتی پرسی کوردیشدا هاووڵاتیبوون لە چوارچێوەی دەستوور، نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی دایک، پێدانی مافە کولتوورییەکان بە کورد، بە پێویست دەزانێت''.
 
ئەکمەن گوتیشی: ''بەڕێز سەرۆکی پارتەکەمان عەلی باباجان، لە گوتارەکانیدا جەختیکردووەتەوە، نابێت چارەسەرکردنی پرسی کورد بە دانانی چەک و شەڕوپێکدادان ببەسترێتەوە''.
 
محەممەد کورت، پەلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لەمبارەیەوە باسی لەوە کرد کە ''22 ساڵی من بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد تێپەڕی، من خۆم فیدای وەزارەتی ژینگە نەکرد. من خۆم فیدای چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد. تەمەنی من لە نێو ئاکپارتیدا لەوەدا تێپەڕی، چۆن مرۆڤەکان بتوانن لە چوارچێوەی یاسادا بە برایانە بژین''. 
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد، سەبارەت ئەو گفتۆگۆیانەی پرسی کورد کە هەن، گوتی: ''رەجەب تەیب ئەردۆغان دروشمی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەکاردەهێنێت، دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، هەزار ساڵە برایەتیی کورد و تورک هەیە، بەرەی نێوخۆ بەهێز دەکەین و برایەتییەکە سەرلەنوێ پێکدەهێنینەوە. دەم پارتیش ناوی دەنێت ئاشتی. نابێت لە ئاشتیدا بەدوای دۆڕاو و براوەدا بگەڕێیت. ئاشتی، دۆخێکە هەمووان تێیدا سەرکەوتوو دەبن''.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە