رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی جەهەپە دژی زیندانیکردنی سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، "رێگەی چارەسەری کێشەکان، شەقام نییە، بەڵکو گفتوگۆیە." سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەرییش دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە بەربەست بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر دروست بکەن، شکست دەهێنن."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 1ی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا، کە لە رۆژنامەیەکی نزیک لە پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، رەخنەی تووندی لە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و گوتی، "قسە و ئازادیی رادەربڕین مافێکی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە مایەی تێکدانی دۆخی گشتی و خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نییە."
ئەو گوتەیەی باخچەلی لە کاتێکدایە؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، چەند جارێک داوای لە خەڵک و لایەنگرانی پارتەکەی کرد بڕژێنە سەر شەقام.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) گوتیشی، "هەموو ئەو گوتانەی، کۆمەڵگە بۆ پشێوی، تووندوتیژی و یاخیبوون ئاراستە دەکەن، بە واتای پێشێلکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دێن."
لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانی نێوان لایەنگرانی جەهەپە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، باخچەلی گوتی، شەقامەکان رێگەچارە نین و دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، "هەر شوێنێک ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبێت، ناتواندرێت تێیدا باس لە ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت."
دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئادار و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی هەمان مانگ، ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتووەتەوە.
باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەوانەی ئامانجیانە لە رێگەی هاندانی خراپەوە، بەربەست بۆ بنیادنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی دروست بکەن، شکست دەهێنن."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ