وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی فەرەنسا دەکات

01-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەچێتە پاریس و لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی کۆدەبێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 1ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سبەی چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لەگەڵ ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تاوتوێی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات بکەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی، وزە، گواستنەوە، گەشتیاری و تەکنەلۆژیا.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتە، لە کۆبوونەوەکەی هەردوو وەزیردا باس لە پرسی ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکرایناش دەکرێت و فیدان جەخت لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئەو ئامانجە دەکاتەوە.
 
ئاژانسەکەی هەواڵ باس لەوەش دەکات، فیدان لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا دەکەن؛ دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە