رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیی سووریا گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.
رۆژی (هەینی، 27-12-2024)، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ژمارەی ئەو سووریاییانەی گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان 30 هەزار و 663 کەسە؛ 30٪یان لە تورکیا لەدایکبوون."
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، نزیکەی 4 ملیۆن سووریایی روویان لە تورکیا کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "تورکیا نووسینگەیەکی (کاروباری کۆچبەران) لە شاری حەلەب دەکاتەوە".
یەرلیکایا گوتی: "ئەوانەی دەچنەوە سووریا، دەتوانن لە 6 مانگی سەرەتای 2025ـدا تاوەکو سێ جار بێنەوە تورکیا."
رۆژی 14-12-2024، باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق کرایەوە، واتە شەش رۆژ دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو دیمەشق و بەشار ئەسەدیش چووە رووسیا.
تورکیا یەکەم وڵات بوو باڵیۆزخانەی لە سووریا کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 26-03-2012 داخرا.
رۆژی 26-12-2024ـش مازن فەرایا، وەزیری ناوخۆی ئوردن بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "لەنێوان 8 بۆ 26ـی مانگی کانوونی یەکەم، نزیکەی 18 هەزار سووریایی چوونەتەوە وڵاتی خۆیان."
دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011 دەستی پێکرد، نزیکەی 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریای چوونە ئوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ