لە ئادانای تورکیا 5 ئەندامی خێزانێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

02-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئادانای تورکیا، ئۆتۆمبێلێک و مینی پاسێک خۆیان بەیەکدا کێشا، بەهۆیەوە 5 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و 8ی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسانی 2025 لەسەر رێگەی سەرەکیی فەکە - کۆزان لە شارۆچکەی کۆزانی سەر بە پارێزگای ئادانای تورکیا روویدا.
 
تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیاریی تیمەکان، 5 سەرنشینی نێو ئۆتۆمبێلەکە کە ئەندامانی یەک خێزان بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، هاوکات 8 سەرنشینی نێو مینی پاسەکەش بریندار بوون و دواتریش گەیێندرانە نەخۆشخانە.
 
تیمەکانی جەندرمە رێکاری ئەمنییان گرتەبەر و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
 
ئەو رووداوانەی هاتووچۆ لە کاتێکدان، رۆژی 30ی مانگی رابردوو پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
بە گوتەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چوار رۆژی سەرەتای ئەو پشووەدا (شەممە، یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە) لە تورکیا و باکووری کوردستان 647 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ 34 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 784 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە