وەزیری ناوخۆی تورکیا: بانگەوازەکانی بایکۆت هەوڵی هاوشێوەی کودەتان

02-04-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان دژی بانگەوازی بایکۆتە و پێی وایە؛ نابێت سیاسەت، دەستوەردان لە کەرتی تایبەت بکات. وەزیری ناوخۆش دەڵێ، بانگەوازەکانی بایکۆت هەوڵی هاوشێوەی کودەتان. 
 
نەجدەت تەقوا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی وان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە بانگەوازی بایکۆتی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە.
 
تەقوا لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات؛ نابێت سیاسەت دەستوەردان لە کەرتی تایبەتدا بکات و دەڵێت، "کەرتی تایبەت و بەرهەمهێنان هەستیارترین خاڵەکانی کۆمەڵگەن، هەوڵدان بۆ دەستکاریکردنی دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت، هیچ سوودێکی بۆ کەس نابێت".
 
شەوی یەکی نیسانی 2025 بەشێکی خوێندکارانی زانکۆکانی تورکیا بانگەوازی "بایکۆت"ـیان لە رۆژی دووی نیسان کرد. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە پاڵپشتی لە بانگەوازەکە کرد، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی و حکومەت رەخنەیان لە هەنگاوەکە گرت. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی کاردانەوەی بەرامبەر پاڵپشتیی ئۆزەل بۆ بایکۆتەکە دەربڕی و گوتی "ئەمە هەڕەشەیەکی تەواوە بۆ سەر تورکیا." 
 
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بانگەوازەکان بۆ بایکۆت هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئابووری. ئەوانەی زیانی داراییان لە بازرگانییەکەیاندا هەیە، رەنگە داوای قەرەبووکردنەوەی یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکەن کە داوای بایکۆت دەکەن." 
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیاش گوتی، "ئۆپۆزیسیۆنێک کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی ئابووری بکاتە ئامانج بە بانگەوازی شەقام و بایکۆت، ئەنجامەکەی دۆڕانە." 
 
ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش رایگەیاند، "ئەوانەی هەوڵدەدەن یاری بە بژێوی و داهاتی خاوەنکار و پیشەسازییەکانمان بکەن کە هەلی کار دەڕەخسێنن، هەرگیز بە ئامانجیان ناگەن". 
 
کاژێر 03:57 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، دووی نیسانی 2025) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لێدوانێکی سەبارەت بە بانگەوازەکانی بایکۆت دا و بانگەوازەکانی بایکۆتی بە هەوڵی کودەتا چواند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئیستەنبووڵ بەهۆی بوومەلەرزەوە چوونەتە دەرەوە. وێنە: AA

151 کەس لە بوومەلەرزەکانی ئیستەنبووڵ برینداربوون

پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی ئەمڕۆ لە شارەکە روویان دا، 151 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی خۆهەڵدان بووە لە بەرزاییەوە.