رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند لە کۆنگرەی ئەمجارەی پارتەکەیدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر ناکات.
لەکاتێکدا ماوەیەکە گەڕانەوەی بۆ رکابەری لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی جێی باسە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-4-2025 رایگەیاند، کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی بەربژێر ناکات.
کڵچدارئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، ئەگەر بانگهێشت بکرێت بەشداری لە کۆنگرە نائاساییەکەی جەهەپە دەکات کە بریارە رۆژی 6-4-2025 بەڕێوەبچێت.
لە 38مین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی 5-11-2024 بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا و کەمال کڵچدارئۆغڵو شکستی هێنا.
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە؛ ئۆزگور ئۆزەل 812 دەنگ و کەمال کڵچدار ئۆغڵو 536 دەنگیان بەدەستهێنا.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا.
دواتر پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.
لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بە بڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ