لە 4 رۆژ دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 34 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

03-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە چوار رۆژی رابردوودا 34 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم ساڵ پشووی جەژنی رەمەزان لە تورکیا 9 رۆژە و لە رۆژی 28ـی ئادار دەستیپێکرد و لە رۆژی 5ـی نیسان کۆتایی دێت. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی چوار رۆژی یەکەمی پشووی جەژنی بڵاوکردەوە. 
 
عەلی یەرلیکایا گوتی، لە رۆژانی 29ـی ئادار تاوەکو دووی نیسان (چوار رۆژی یەکەمی پشووەکە) هەزار و 946 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 34 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 784 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
   
هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی رۆژانی پشووی جەژن گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و بۆ لای کەسوکاریان گەشت دەکەن. بەو هۆیەوە رێگە سەرەکییەکانی شارە گەورەکانی رۆژئاوای تورکیا بەرەو نێوەڕاست تاوەکو باکووری کوردستان زۆر قەرەباڵخن. وەزارەتی ناوخۆش رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر. 
 
هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان کە لە شارە گەورەکانی باکوور و رۆژئاوای تورکیا نیشتەجێن، بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن لەگەڵ کەسوکاریان، ئێوارەی رۆژی 28ـی مانگ بەڕێکەوتن. 
 
یەکەم بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەدەخەکردنی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بوو لە رێگە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی قەرەباڵخی کەم بێتەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ 69 هەزار و 11 کارمەندی ئاسایش، پۆلیس، جەندرمە و پۆلیسی هاتووچۆ لەو9  رۆژەدا 24 کاژێر لە ئەرکدا دەبن؛ هەروەها قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان تاوەکو دوای جەژن جێبەجێ دەکرێت، بەهۆی ئەوەی 16٪ـی کۆی رووداوەکانی دوو جەژنی رابردوو بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە بووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، نزیکەی 8 ملیۆن کەس لەم رۆژانەدا بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی کەسی خۆیان و پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانەکانی تورکیا بڕیاریداوە، لە رۆژانی 28ـی ئادار تاوەکو 5ـی نیسان کرێی هاتووچۆی هاووڵاتییان بەسەر تەواوی پرد و تونێلە سەرەکییەکانی سەر رێگە خێرا و ئۆتۆبانەکان بێبەرامبەر بکات. ئامانج لەم بڕیارە، کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و رووداوەکانی هاتووچۆیە. 
 
لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پاردا 12 هەزار و 214 رووداوی هاتوچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە