رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە سێ رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا 27 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 1ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی شەممە، یەکشەممە و دووشەممەدا 663 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3619 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی 30ی مانگی رابردوو، پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەو سێ رۆژەدا تیمەکانیان پشکنینیان بۆ 528 هەزار و 654 ئۆتۆمبێل کردووە؛ 27 هەزار و 387 هەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی تیژڕۆییەوە بە پێبژاردن و 18 هەزار و 490 ئۆتۆمبێلیش بە هۆکاری دیکە سزادراون.
لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پاردا 12 هەزار و 214 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویاندا و لە ئەنجامدا 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ