رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، هۆشداری دەدات کە رەنگە دەمیرتاش و هاوڕێیەکانی تاهەتایە زیندانی بکرێن.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئابی 2023، پرۆسەی دادگاییکردنی 18 تۆمەتبار لە کۆی 108 تۆمەتباری دۆسیەی رووداوەکانی رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 کە بە رووداوەکانی کۆبانێ ناسراوە، لە 22ـەمین هۆبەی دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە ئامادەبوونی بەشێک لە تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان بەڕێوەچوو.
سەڵاحەددین دەمیرتاش بە ئۆنلاین لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد. جەمالەدین شیمشەک، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە سەبارەت بە رووداوەکانی کۆبانێ، داوای زیندانی حەوت جار تاهەتایی قورسکراو بۆ 18 تۆمەتبار کرد، لەوانەش سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە.
مەحسوونی کارامان، کە پارێزەری دەمیرتاشە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) هۆشداری دەدات بەوەی "بەهۆی توویتێکی رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2014، هەریەک لە سەڵاحەددین دەمیرتاش و هاوڕێیەکانی، لانیکەم بە حەوت جار زیندانی تاهەتایی سزا دەدرێن. تکایە بێدەنگ مەبن، بەڕاست سزا دەدرێن".
دوای ئەوەی داعش لە هاوینی ساڵی 2014 هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد، رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2014، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە داوای لە خەڵک کرد، بڕژێنە سەر شەقامەکان. هەدەپە لە هەژماری فەرمیی توویتەریدا، بەمشێوەیە بانگەوازەکەی بڵاوکردەوە "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بانگەوازێک ئاراستەی خەڵک دەکات. دۆخی کۆبانێ زۆر ناسەقامگیر و هەستیارە. بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەهۆی هێرشەکانی داعش و ئابڵۆقەی ئاکپارتی بۆ سەر کۆبانێ، داواتان لێدەکەین بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەتوندی پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکە بکەن".
دوای ئەم تویتە، لە 35 شار و 96 شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 51 سڤیل و پۆلیس کوژران، 761 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و 197 قوتابخانە و 265 دامەزراوەی حکومی سووتێندران. هەروەها 1731 باڵەخانە، خانوو، شوێنکار تاڵانکران و سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە، دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە.
دواتر جەمالەدین شیمشەک دەستیکرد بە خوێندەوەی دادبینییەکە کە لە 5268 لاپەڕە پێکهاتووە و وردەکاری رووداوەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی خستەڕوو.
جەمالەدین شیمشەک داوایکرد 36 تۆمەتبار، لەوانە سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی "تێکدانی یەکڕیزیی دەوڵەت و یەکگرتوویی وڵات و تێوەگلان لە کوشتنی هاووڵاتییان و هاندانی خەڵک بۆ راپەڕین لە دژی سیستەم و دەوڵەت و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دژ بە یاسا و دەستوور و هەڕەشەکردن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و نانەوەی رق و کینە و هاندان بۆ بیرۆکەی چالاکیی جوداخوازی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر و هاوکاریکردن بۆ بەرزکردنەوەی چەک بە رووی هێزە ئەمنییەکان و سوپا و نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی پشێوی" لانیکەم بە تاهەتایی یەکجار قورسکراو سزا بدرێن.
هەروەها، داوا کرا دەمیرتاش و یوکسەکداغ بە تۆمەتی "کوشتن"ـی یاسین بۆرو و شەش لە هاوڕێکانی (ئەندامی هوداپار بوون)، لە کاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانیی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی ئیسکان ئێڤلەر لە ئامەد، بە حەوت جار زیندانیکردنی تاهەتایی قورسکراو سزا بدرێن.
لە تۆمەتنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو 36 تۆمەتبارە لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە جموجۆڵیان کردووە، لە کاتی رووداوەکاندا داوایان کردووە تاوان بکرێت.
لە مانگی شوباتی 2021، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە، تۆمەتنامەیەکی لە دژی 108 گومانلێکراو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کۆبانێ پێشکێشی 22ـەمین دادگای تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە کرد. دادگاکە دوای هەفتەیەک تۆمەتنامەکەی پەسندکرد و رۆژی 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە دووەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
لە تۆمەتنامەکەدا ناوی 108 گومانلێکراو لە لیستێکدا نووسرا، کە 28ـیان لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرن، شەشیان بە مەرج ئازادکراون و 75 کەسیان داواکاری گشتیی رایسپاردووە بۆ دەستگیرکردنیان و پێنج داواکراویش هەن. داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، داوایکردووە ئەو 108 گومانلێکراوە هەریەکیان بە 38 جار زیندانیی تاھەتایی سزابدرێن.
لەنێو تۆمەتبارەکاندا ھەریەک لە سەڵاحەددین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، ئایھان بیلگەن، سری سوورەییا ئۆندەر، ئایلا ئاکات ئاتا، گولتان کشاناک، سەباحەت تونجەل، ئەمینە ئاینا، ئەرتوغروڵ کورکچو، مەھمەت خەتیب دیجلە، و بەرپرسانی پەکەکە وەک موراد قەرەیڵان، جەمیل بایک، سەبری ئۆک، ساڵح موسلیم و زوبێر ئایدار ھەن.
لە تۆمەتنامەکەدا باس لەوەکراوە، گومانلێکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە/کەجەکەدا چالاکییان کردووە و جەخت لەوە کراوەتەوە رووداوەکانیان بەشێوەیەک رێکخستووە ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ