رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، ئابووریی تورکیا دەبووژێنێتەوە. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر غەززە و سووریا دەڵێت: ''ئیسرائیل ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە''.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 5ی نیسانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، پێویستە پەکەکە زوو کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەمووان هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بدەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ئەو هەوڵە ''کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری و بەرزرکردنەوەی ئاستی دیموکراسیمان دەبێت و کەشێكی نوێ دێتەئاراوە''.
یڵماز هەر لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''ئاساییە پارتەکان لە هەر جۆرە کێبڕکێیەکدا بن و بۆچوونی خۆیان دەربڕن، بەڵام نابێت هیچ پارتێکی سیاسی لە ژێر سێبەری رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا سیاسەت بکات''.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی سووریایی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و رایگەیاند: ''تاوەکو ئاسایش و ئابووریی سووریا سەقامگیرتر بێت، گەڕانەوەی هاووڵاتییانی سووریاش بۆ زێدی خۆیان زیاتر دەبێت''.
لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، جەودەت یڵماز گوتی: ''ئیسرائیل تەنیا هێرش ناکاتە سەر غەززە، بەڵکو بۆ سەر لوبنان و سووریاش سیاسەتی داگیرکاری پەیڕەو دەکات، ئەمەش ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.''
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''سووریا هی سووریاییەکانە و هیچ هێزێکی دەرەکی مافی نییە دەستبخاتە نێو خاکی سووریا. ئەگەر لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیشەوە سەیری بکەین، ئەوانەی لە سووریا دەژین هیچ هێرشکارییەکیان نەکردووە. ئەوەی کە هێرشکارە، ئیسرائیلە''.
یڵماز گوتی، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و لە بەرامبەر ئەو ''هێرشانەی دەیانکات'' رێکار بگرێتەبەر.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد: ''بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا دەبێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش لە تورکیاش. بۆیە ئێمەش لەپێناوی ئاسایشی سووریا ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین''.
رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، ئیسرائیل چەندین پێگەی لەنێو سووریا بۆردوومان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ