رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە، لە 38مین کۆنگرەی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرد و بە 'قارەمانی دیموکراسی' ناوی برد.
ئەمڕۆ شەممە، 4-11-2023 یەکەمین رۆژی 38مین کۆنگرەی جەهەپەیە و بڕیارە سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرێت، کەمال کڵچدارئۆغڵو کە یەکێکە لە بەربژێرەکان. گوتارێکی پێشکێشکرد.
کڵچدارئۆغڵو لە بەشێکی گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە دەسەڵات و حکومەتی تورکیا گرت و گوتی، "تورکیا بە کردەیی بووەتە نیمچە گرتووخانەیەک. رۆژنامەڤانانیش ناتوانن کاری خۆیان بکەن. لە کۆنگرەمانەوە سڵاو بۆ تۆڵگا شاردان، جان ئاتاڵای، عوسمان کاڤاڵا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، تایفون کاهرامان، چیدەم ماتەر، مینە ئۆزئەردەن، هاکان ئاڵتنئای و باڕش پەهلیڤان دەنێرین کە ئێستا لە گرتووخانەدان. سڵاو لە ئێوە بێت، ئەی قارەمانانی دیموکراسی."
کڵچدارئۆغڵو لەکاتی خوێندنەوەی ناوەکاندا بە تایبەت کاتێک گەیشتە ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش، دەنگی چەپڵەی ئامادەبووان بەرزبووەوە و هۆڵەکە جۆش و خرۆشی زیاتری لێ بینرا. کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتارەکەی لە حەوت خاڵدا چڕ کردەوە کە چوارەمین خاڵ تایبەت بوو بە گوشاری حکومەت لەسەر سیاسەتڤانان و رۆژنامەڤانان.
لە 38مین کۆنگرەی جەهەپەدا هەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە بەربژێر بوون بۆ پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتەکە. کڵچدارئۆغڵو کە لە نێو پارتەکەیدا رەخنەی زۆری لەسەرە و بەرەی گۆڕانخوازانی جەهەپە داوا دەکەن دەست لەکار بکێشێتەوە، لە گوتارەکەیدا جەختیکردەوە "گۆڕانکاریی زۆر"ـی کردووە. کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، پێشتر دەگوترا جەهەپە ناتوانێت بڕواتە شارەکانی باشووری رۆژهەڵات [باکووری کوردستان]، بەڵام ئێستا جەهەپە پەرلەمانتاری لەوێ هەن.
هەروەها ئۆزگور ئۆزەل کە بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە و رکابەری کڵچدارئۆغڵو لە گوتارەکەیدا بە هەمان شێوە سڵاوی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، سەلچوک مزراکڵی و ژمارەیەک دەستگیرکراو، قەییومکراو و زیندانیکراوان نارد.
دەمیرتاش لە زیندانە.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـوە لە گرتووخانەی ئەدێرنە بەندکراوە. هەروەها عوسمان کاڤاڵای بزنسمان و چالاکڤانی تورک بەتۆمەتی ''ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' دەستبەسەرکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا لە تشرینی دووەمی 2018 داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوکاتە گوتی، "ئەم بڕیارە ئێمە پابەند ناکات" و ئەنقەرە جێبەجێی نەکرد. هەروەها ئەیلوولی 2019 دەمیرتاش لە دۆسیەیەکی نوێ لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ تۆمەتبارکرا و درایە دادگە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا بڕیاریاندا و بە پێویستیان زانی دەمیرتاش ئازاد بکرێت. کانوونی دووەمی 2020یش بڕیارەکەی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، پێشێلکاریی کردووە. بەڵام ئەمەش بێهودە بوو و تورکیا پێداگر بوو لەسەر هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان. لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا کە چاودێری دۆسیەکە دەکات، تا ئەیلوولی 2023 مۆڵەتی دابوو بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش. لیژنەکە دەڵێت، ئەگەر لەم ماوەیەدا دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، رێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر. بەڵام ئەیلوولیش تێپەڕی و دەمیرتاش ئازاد نەکرا.
تورکیا 18ـی ئایاری 1954، واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا راستەوخۆ و وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ