تورکیا لە سێ مانگدا بایی 1.7 ملیار دۆلار چەکی هەناردە کردووە

04-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە سێ مانگدا بایی 1.7 ملیار دۆلار چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازیی هەناردەی وڵاتان کراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ـی نیسانی 2025، هالوک گۆرگون، سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، ئاماری هەناردەی چەک و تەقەمەنی و تەکنۆلۆژیای سەربازیی وڵاتەکەی لە سێ مانگی ئەم ساڵدا بڵاوکردەوە. 
 
هالوک گۆرگون رایگەیاند، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا بایی 884 ملیۆن دۆلار چەک، کەرەستە، تەقەمەنی و تەکنۆلۆژیای سەربازیی جۆراوجۆریان هەناردەی وڵاتان کردووە.
 
گۆرگون راشیگەیاند، لە ئاداردا ژمارەی پێوانەییان شکاندووە، بەو پێیەی لە ئاداری پاردا بایی 358 ملیۆن دۆلار چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازییان هەناردە کردووە، بەڵام لە ئاداری 2025دا بایی 884 ملیۆن دۆلار هەناردەیان کردووە و بەراورد بە ئاداری پار بە رێژەی 147٪ هەناردەیان زیادکردووە. 
 
گۆرگون ئەوەشی خستەڕوو، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بایی 1.7 ملیار دۆلار چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازییان هەناردەی وڵاتان کردووە. هەناردەکە بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی پار بە رێژەی 72٪ زیادیکردووە. 
 
جەختی لەوەشکردەوە، درۆن، مووشەک و زریپۆش لە ریزبەندی یەکەمی ئەو چەک و تەکنۆلۆژیا سەربازییە دروستکراوانەی تورکیا دێن کە هەناردەی وڵاتان کراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە