وەزیری دەرەوەی تورکیا: نامانەوێت لە سووریا رووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە

04-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە بۆردوومانەکەی رۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل بۆسەر چەند ناوچەیەکی سووریا کرد و رایگەیاند، نایانەوێت لە سووریا رووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی نیسانی 2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە برۆکسل لەبارەی دۆخی ناوچەکە قسەی کرد.
 
فیدان رایگەیاند، ئەو زنجیرە هێرشەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا ئەنجامی دان، توانای حکومەتی نوێی سووریا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داعش و گرووپە تیرۆریستیەکانی دیکە و کۆنترۆڵکردنی دۆخی نێوخۆ کەم دەکاتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جۆرە هێرشانە ناسەقامگیری لە سووریا دروست دەکەن، "ئەگەر سووریا بیەوێت لە هەندێک بابەت لەگەڵ ئیسرائیل رێکبکەوێت، ئەوە بڕیار و بەرپرسیارێتیی خۆیەتی."
 
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، هاکان فیدان باسی لەوە کرد، هەوڵەکانیان چڕ کردوونەتەوە بۆئەوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان دروستبکەن، ئەو هەنگاوەش "بۆ ریشەکێشکردن و لەنێوبردنی مەترسییەکانی داعش بۆ ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە زۆر کاریگەر دەبێت."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریادا، هاکان فیدان تەنیا گوتی، "نامانەوێت لە سووریا رووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە."
 
زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەشێک بوو لە قسەکانی هاکان فیدان و لەو بارەیەوە رایگەیاند، دەکرێ هەموو کێشەکان بەرێگەچارەی دیپلۆماسی کۆتاییان بێت، بەڵام تورکیا هەرگیز ناخوازێت هێرش بکرێتە سەر ئێران.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا پەسنی هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کرد، بەڵام جەختی لەوەشکردەوە ئاسان نابێت.
 
رۆژی چوارشەممە ئیسرائیل چەندین ناوچەی لە سووریا بۆردوومان کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-04-2025 جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەبارەت بە سووریا، بێگومان ئێمە لە تورکیا نیگەرانین. تورکیا تەنیا لە سووریا نییە، بەڵکو لە لوبنانیش رۆڵێکی نەرێنی دەگێڕێت. ئەوان لە سەرانسەری ناوچەکە و لە شوێنەکانی دیکەی جیهانیش مەبەستی خۆیان هەیە؛ ئەوان بە دیاریکراوی هەڵوێستێکی تووندیان بەرامبەر خۆبەڕێوەبەری کورد لە رۆژئاڤا واتە لە باکووری سووریا هەیە. تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی سەر بە تورکیا، روونە کە ئەمە مەرامی ئەوانە. پێمان وایە کاتێک سووریا پاشکۆیەکی ئێران بوو، شتێکی باش نەبوو، پێمان وایە نابێت سووریا ببێتە پاشکۆیەکی سەر بە تورکیاش."
 
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کاردانەوەی تورکیای لێکەوتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە تێیدان. ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە