رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەنجامی باشی بۆ تورکیا دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''دەبێت بە بوێرییەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و چارەسەری هەمیشەییان بۆ بدۆزینەوە''.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: ''چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەدیهێنانی وەچەرخانی دیموکراسی، ئەنجامی باش لە تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو بابەتە بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێتە مایەی گۆڕانکاریی ریشەیی''.
باکرهان پێیوایە، تورکیا بەدرێژایی سەت ساڵ ''سیاسەتێکی هەڵەی'' بەرامبەر کورد پەیڕەو کردووە؛ گوتیشی: ''ئەم سیاسەتە هەڵەیە بووە هۆی زیانگەیاندن بەم وڵاتە، بووە بەربەست لە بەردەم ئاشتی کۆمەڵگە و وەچەرخانی دیموکراسی''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاند، پەرلەمان دەتوانێت لە رێگەی پاکێجێکەوە هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت؛ ئاماژەی بەوە کرد: ''دوو رێگەمان لەبەردەمە. یەکەمیان، کێشەکان بە چارەسەری کاتی دوابخەین و قووڵیان بکەینەوە. دووەمیان، بە بوێرییەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و چارەسەری هەمیشەییان بۆ بدۆزینەوە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، گومان و دوودڵی لەبارەی پرۆسەکە لەلایەن خەڵکەوە هەیە و ''هەربۆیە پێویستە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستێکی رژدی دیموکراسییانە نیشانبدەن. بەرقەرارکردنی ئاشتی، دیموکراسی و سەقامگیری، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییمانە''.
ئەو گوتانەی باکرهان لە کاتێکدان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێندرێت.
دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمرالی کردووە و لە زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ