رووداو دیجیتاڵ
ئەردۆغان دەڵێت، "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر" بەگوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە.
ئەمڕۆ هەینی 4ی نیسانی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی لە ئیستەنبووڵ قسەی بۆ میدیاکان کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئێستا پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە بەڕێوەدەچێت؛ هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە. تەواوی پێشهاتەکان لە بەرژەوەندیی وڵات و ناوچەکەماندان."
1ی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە ئاراستەی پرسی کورد نرا، داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات.
شاندی دەم پارتی لەو کاتەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمرالی کردووە و پەیامی ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئەردۆغان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەندام و لایەنگرانی جەهەپەش قسەی کرد و رایگەیاند، "تورکیا بە هێزەوە لەسەر پێ وەستاوە و کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە. هاوپەیمانیی جمهووریش (هاوپەیمانی ئاکپارتی و مەهەپە) هەموو شتێکی تورکیایە. هەر هاوپەیمانیی جمهوورە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە باشترین شێوە بەڕێوەدەبات. با کەس هەوڵ نەدات پشکی نەرێنی لەم پرۆسەیە وەربگرێت."
24ی ئاداری 2025 بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی ئەو کاتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتەکانی گەندەڵی دارایی و "پشتیوانیکردنی تیرۆر"، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بایکۆتی ژمارەیەکی زۆر میدیا، براندی بازرگانی، کۆمپانیا و کارگەی خۆماڵی راگەیاند و بەوە تۆمەتباری کردن سەر بە کەسانی نزیکی دەسەڵاتن.
سەرۆککۆماری تورکیا لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، "جەهەپە پێی وابوو رۆژی 2ی نیسان زۆربەی ئەو براند و کۆمپانیانەی بایکۆتیان کردوون مایەپووچ دەبن، بەڵام پێچەوانەکەمان بینی. بازاڕەکان و سوپەر مارکێتەکان قەرەباڵختر بوون."
ئەردۆغان رایگەیاند، "گەلەکەم لەوانە خۆش نابێت کە هەڵمەت و بانگەشەیان بەڕێوەبرد بۆ تێکدانی ئابووریی وڵات."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ئەمریکا و تاوتوێکردنی پێناسی گومرگی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "کاتێکمان بۆ سەردانکردنی ئەمریکا دیاری نەکردووە، بەڵام وەزیرانی دەرەوە و بازرگانی لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا و هاوئاهەنگی دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی سەردانەکەمان. وەزیران و بەرپرسەکانمان بابەتی پێناسەی گومرگی نوێی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن و دەیخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە."
سەبارەت بە تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە رۆژی 5ی شوباتی 2025 نەشتەرگەریی دەرچەی خوێنبەر و خوێنهێنەری دڵی بۆ کرا و ئەمڕۆ گەڕایەوە سەر ئەرکی خۆی، ئەردۆغان رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ باخچەلی کردووە و گوتی، "کاتێک لێم پرسی ئێستا تەندروستیتان چۆنە؟ گوتیان زۆر باشم. خودا تەندروستی باش بکات، چونکە زۆر کاری دیکە هەیە پێکەوە ئەنجامیان بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ