رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە شەش رۆژی رابردووی پشووی جەژنی رەمەزاندا 57 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە سەرانسەری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی، 4ی نیسانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەش رۆژی رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان، سێ هەزار و 910 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ 57 کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 533ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەو رووداوانەی هاتووچۆ لە کاتێکدان، رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، تاوەکو رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە (6ـی نیسان)، بەردەوام دەبێت.
دوای راگەیاندنی پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزان، هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیان بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان کرد. بەو هۆیەوە رێگە سەرەکییەکانی شارە گەورەکانی رۆژئاوای تورکیا بەرەو نێوەڕاست تاوەکو باکووری کوردستان زۆر قەرەباڵخ دەبن و رووداوی هاتووچۆیان تێدا روودەدەن.
لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پاردا 12 هەزار و 214 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ