رووداو دیجیتاڵ
دوای کشانەوەی زیاتر لە 500 شەڕڤان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەبی سووریا، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، پاراستنی ئاسایشی دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی بە دەزگای ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سپاردووە.
یەپەگە لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیدا دەڵێت، "بەپێی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی راگوزەری سووریا، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایش لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە فەرمی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی گشتی کرا، کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکات."
رۆژی پێنجشەممە رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ رووداوی روونکردەوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە جلوبەرگی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق، ئاسایشی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب دەپارێزن.
رێککەوتنەکە سێشەممە 1ی نیسان واژۆ کرا. رۆژی پێنجشەممە، یەکەمین قۆناخی رێککەوتنەکە جێبەجێ کرا کە ئاڵوگۆڕکردنی 97 بەندکراوی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بوو، لەگەڵ 146 شەڕڤان و کەسی سڤیلی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
لە راگەیێندراوەکەی یەپەگەدا ئەوەش هاتووە، "کشاندنەوەی بەشێکی هێزەکانمان سەرکەوتووانە جێبەجێ کرا. ئەو هێزانەشی لەوێ ماون، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ و رێکخراو سەرلەنوێ بڵاودەکرێنەوە."
هێزە کوردستانییەکە کە بڕبڕەی پشتی هەسەدەی سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، دەڵێت، "یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن بەردەوام دەبن لە پابەندبوون بە بنەماکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ویستی گەل؛ هەروەها بەردەوام دەبین لە گونجاندنی هەڵوێستمان لەگەڵ داواکارییە ستراتیجییەکانی قۆناخی نوێ"ی سووریا کە لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمەوە هاتووەتە کایەوە.
مانگی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆ کرد بۆئەوەی دامەزراوەکانی بخاتە سەر حکومەتی دیمەشق، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی نوێی سووریا بە سەرپەرشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دەیەوێت دوای 13 ساڵی جەنگی نێوخۆی خوێناوی یەکبخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ