رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی بڕگەی شەشی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشقدا کراون، هێزە سەربازییە کوردییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەکشێنەوە.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، دوو گەڕەکی کوردنشینن، هەموو ئەو هێزە سەربازییانەی لەگەڕەکەکەدا بوون بە چەکەکانیانەوە کشانەوە.
کشانەوەکە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی رۆژی یەکی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و دەسەڵاتی حکومەتی سووریایە لەسەر دۆخی هەردوو گەڕەکەکە واژۆ کراوە، کە پێکهاتوون لە 14 بڕگە.
هەر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، دوێنێ سێی نیسان، بڕگەی ئازادکردنی بەندکراوانی هەردوولا جێبەجێ کرا و 146 بەندکراوی هێزە کوردییەکان و 97 بەندکراوی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق ئازاد کران.
هاوکات یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکشێنەوە و ئەرکی پاراستنی هەردوو گەڕەکەکە رادەستی ئاسایش دەکەن.
پێش کشانەوەی هێزەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، راگەیێندراوێک لەژێر ناوی ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: "بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەو هێزە سەربازییانەی دەکشێنەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی فورات دەکرێن".
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا هاتبوو، "ئەو هێزانە 13 ساڵە لە هەردوو گەڕەکەکەدا بێسنوور و بەرخۆدان دەکەن؛ قارەمانانە شەڕیان کرد و گەلەکەیان پاراست و شەهیدیان دا".
هێزەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و گوتنەوەی درووشم لە شوێنەکە کشانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ