رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ناسراو بە (IOM)، رایگەیاند، لەو دۆخەی ئێستا، گەڕانەوەی بەکۆمەڵی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتانی ئەورووپاوە نابینن، بەهۆی ئەوەی دۆخی ئەو وڵاتە هێشتا ناسکە و بەرگەی گەڕانەوەی شەپۆلی پەنابەران ناگرێت.
رۆژی چوارشەممە، ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخرای کۆچی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا و سەلامەتی ئەو وڵاتە بۆ پەنابەران، گوتی"دۆخی ئێستای سووریا هێشتا زۆر ناسکە، هێشتا دەبینین هەندێک پێکدادانی چەکداری ماوە و هێشتا بەشێکی زۆر وڵاتەکە دۆخەکەی ناسکە و شیاو نییە تاوەکو خەڵک بۆی بگەڕێتەوە."
لە 9ـی کانوونی یەکەمی پار و تەنیا رۆژێک لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پرۆسەی وەرگرتنی داواکاریی مافی پەنابەریێتیان بۆ پەنابەرانی سووریایی راگرت، بەڵام دوای پێنج مانگ لەو گۆڕانکارییانە، هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە. ئەو بەرپرسەی رێکخراوی ئای ئۆ ئێم دەڵێت "دەزانین خەڵکی زۆر هەن کە بە جۆشەوە دەڕواننە ئەو دۆخەی سووریا و دەیانەوێت بەشێک بن لە بوونیاتنانەوەی وڵاتەکە."
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ساڵی 2024؛ زۆرترین پەناخوازی سووریایی لە ئەڵمانیا بوون، ژمارەیان زیاتر لە 716 هەزار پەناخوازە؛ کە 64 هەزاریان داوای مافی پەنابەریێتی سیاسییان کردووە.
هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆی 7 ملیۆن و 400 هەزار کەسی ئاوارەی نێوخۆی وڵاتەکە، ملیۆنێک و 950 هەزاریان هێشتا لەنێو کامپەکان دا دەژین لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، پلانیش هەیە لەماوەی 12 مانگی داهاتوو، یەک ملیۆن کەس بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
ئەیمی پۆپ دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت هاوکاری ئەو خەڵکە بکەین تاوەکو بتوانن بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام لەگەڵ هاوبەشەکانمان هاوئاهەنگیمان کردووە بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی گەڕانەوەی بە کۆمەڵ، بەڵام ئەوان دەڵێن دۆخەکە بەرگەی گەڕانەوەی بە کۆمەڵ ناگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ