رامی عەبدولڕەحمان: هێزەکانی سەر بە رێڤەبەریی خۆسەر لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەمێننەوە

03-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، هێزەکانی سەر بە ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بە جلوبەرگی ئاسایشی گشتی" سووریاوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب. 
 
لە چوارچێوەی رێککەوتنێک، کە رۆژی سێشەممە واژۆیان کردبوو، ئەمڕۆ هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی سەر حکومەتی نوێی دیمەشق نزیکەی 250 بەندکراویان ئاڵۆگۆڕکرد. 
 
رامی عەبدولرەحمان باسی لەوە کرد، ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 97 ئەندامی هێزەکانی سەر بە دیمەشقی ئازادکردووە، لە بەرامبەر ئەوەدا، 146 شەڕڤان و کەسی سڤیلی سەر بە هەسەدە ئازادکراون. 
 
بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شاری کۆڤێتری لەندەنەوە لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی پێنجشەممە کە دلبخوین دارا پێشكێشیکرد، گوتی: "هیوادارین ئاڵۆگۆڕکردن بەردەوامبێت و ئاشتەوایی ناوچەکە بگرێتەوە، بۆ ئەوەی شنگالێکی دیکە دروستنەبێتەوە، یان ئەوەی لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا روویاندا دووبارە نەبنەوە." 
 
رامی عەبدولرەحمان پێیوایە "پێویستە دۆخەکە بە نەرمی بەڕێوەبچێت و خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێبکرێن کە لە کۆتاییدا بمانگەیێنت بە چارەسەر لە بەنداوی تشرین" و گەڕە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب. 
 
بەڵام هۆشداریشیدا کە "ناتوانین بڵێین هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێن، لە کاتێکدا هەندێ زوڕناژەنی میدیایی هەڵمەتێکیی نائاساییان دەستپێکردووە لە دژی کورد بە گشتی، نەک تەنیا هەسەدە."
 
رامی عەبدولرەحمان دەڵێت، ئەوانەی لە دژی کورد هانی تووندوتیژی دەدەن، "پارتی بەعسی نوێن."
 
چالاکڤانە مافپەروەرەکە هۆشداریشیدا لە دژی ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل پشتیوانی لە هەسەدە دەکات. 
 
رامی عەبدولرەحمان گوتی: "ئەگەر کورد بەکرێگیراوی ئیسرائیلە، [دەبێت ئەو کەسانەی ئەو بانگەشانە دەکەن] داوا لە دیمەشق بکەن رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەسەدە هەڵبوەشێنێتەوە و جەنگی نەژادپەرستی دەستپێبکات، وەک چۆن جەنگی جینۆساید لە دژی عەلەوییەکان کرا."
 
بەڕێوەبەری روانگەی سووری پێیوایە، "ئەگەر جەنگ لە دژی کورد بکرێت، هیچ کەس ناتوانێت رێگەبدات جارێکی دیکە بچەوسێنرێنەوە، چونکە [کارەساتی] هەڵەبجە دووبارە ناکرێتەوە و ئەنفال هەرگیز ناگەڕێتەوە."
 
بە گوتەی رامی عەبدولرەحامن، لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سەر بە دیمەشق و لایەنگرانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لە سەرەتای مانگی ئادار، هەزار و 712 عەلەویی سڤیل "بە رێگەی جیاجیا کوژران".  روونیشیکردەوە، "تەرمی بەڕێوەبەری پێشووی بانکی بازرگانی لە بانیاس و دوو کوڕی لەگەڵ دوو دراوسێی سووتێنران دوای ئەوەی کە کوژران. واتە بە کوشتن نەوەستان، بەڵکو سووتاندنیانن. ئێمە بە دەنگ و رەنگ بەڵگەمان هەیە." 
 
رامی عەبدولرەحمان گوتی، چەکدارانی پەڕگیر کە سووری، شیشانی، تورکمەنستانی و لە نەتەوەکانی دیکەشن، تەنانەت "هەڕەشە لە روانگەش دەکەن لەبەر ئەوەی ئەم تاوانانە دۆکیومێنت دەکەین،" گوتیشی: "ئەم کۆمەڵکوژیانە لەوانە جیاواز نین، کە لە شنگال روویاندا."
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سوپای نوێی سووریا لە رۆژئاوای وڵاتەکە.

ئەمنستى: چەکداری بیانی لە کوشتنی عەلەوییەکانی سووریا بەشداربوون

رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستیى ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند؛ بەشێک لەو عەلەویانەى لە رووداوەکانى سووریا کوژراون، رێگە بە کەسوکاریان نەدراوە بە ئاشکرا و بە رێکارە ئاینییەکان تەرمەکانیان بنێژێت، بەڵکو بەکۆمەڵ نێژراون، هەروەها دەڵێت بەشێک لەو چەکدارانەی بەشداریان لە کوشتنی عەلەوییەکاندا کردووە، بیانین.