رووداو دیجیتاڵ
بەشار ئەسەد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای 24 ساڵ حوکمڕانی، دەسەڵاتەکەی رووخا و پایتەختەکەی کەوت، ئێستا بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە. ئەو کوڕی حافز ئەسەدە کە لە ساڵی 1971 بە کودەتا بووە سەرۆکی سووریا.
سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا لە 11 ئەیلوولی 1965 لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایک بووە، لە ساڵی 2000 و لە تەمەنی 35 ساڵی چووە شوێنی باوکی و بووە سەرۆکی سووریا.
خەڵکی سووریا ئومێدیان لەسەر ئەسەد هەڵچنیبوو بۆ ئەوەی حوکمڕانیێکی دیموکراسی بکات، بەڵام بەشار ئەسەد بەشوێن پێی باوکیدا رۆیشت و هەمان حوکمی "دیکتاتۆریی" پەڕەوکرد.
لە ساڵی 2011 بەشار ئەسەد رووبەڕووی خۆپێشاندانێکی بەرفراوان و سەرتاسەری بووەوە و جەنگێکی نێوخۆیی لەنێو وڵاتەکە لێکەوتەوە کە تاوەکو پێش رووخانی هەر لەو وڵاتە کاریگەری مابوو و بەردەوام بوو.
لە 25ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە کرد کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای وڵاتدا بوو. لە نزیکەی دوو هەفتەدا کۆنترۆڵی شاری دیمەشقیان کرد و رووخاندنی حوکمی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
بەشار ئەسەد کێیە؟
بەشار ئەسەد منداڵی سێیەمی خێزانەکەی بووە.
کوڕی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایە کە
لە ساڵی 1971 بە کودەتا بووە سەرۆکی سووریا.
سەر بە حیزبی بەعسی سووریایە.
ئەسەد لە ساڵی 1988 بڕوانامەی لەبواری دەرمانسازی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1992 بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە لەندەن.
لە ساڵی 1994 شوێنی براکەی وەکو بەرپرسی هەواڵگریی و سەربازیی وڵاتە گرتە دەست.
سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد:
لە ساڵی 2000 بووە سەرۆکی سووریا.
لە ساڵی 2005 ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی سەربازی خانەنشین کرد و ژمارەیەک ئەفسەری گەنجی لایەنگری خۆی لەشوێنیان دانا.
لە ساڵی 2007 دووبارە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.
رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران:
لە ساڵی 2011 رووبەڕووی خۆپیشاندانێکی فراوان بووەوە.
لە ساڵی 2012 جەنگی نێوخۆیی لە وڵاتەکە هەڵگیرسا.
لە ساڵی 2013 ئەسەد بە بەکارهێنانی جەکی کیمیایی لەلایەن هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە تۆمەتبار کرا.
لە ساڵی 2015 رووسیا یارمەتی سەربازیی ئەسەدی دا و سەربازی وڵاتەکەی لەنێو سووریا جێگیر کرد.
لە ساڵی 2017 ئەسەد دەستی بەسەر زۆربەی ئەو شارانەدا گرتەوە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان گرتبوویان.
لە ساڵی 2018 هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان تەنیا شاری ئیدلبیان بەدەستەوە مابوو.
لە ساڵی 2019 دەستی بە پێشڕەوی لە دژی دەستەی تەحریر شام لە شاری ئیدلب کرد.
لە ساڵی 2024 بەهۆی هەبوونی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، پشتیوانیی رووسیا بۆ ئەسەد کەمبووەوە.
هەروەها ئێران بەهۆی هەبوونی جەنگی حیزبوڵڵا و حەماس لەگەڵ ئیسرائیل، پشتیوانییەکانی بۆ ئەسەد کەمکردەوە.
لە 26 تشرینی دووەمی 2024 حیزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل ئاگربەستی راگەیاند.
27 مانگ دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دەستی بە پێشڕەویی لەناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئیدلب کرد.
لە کەمتر دوو هەفتەدا هەتەشە دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت و رووخاندنی حوکمی بەشار ئەسەدی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ