رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی رێککەوتنێک، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە حکومەتی نوێی دیمەشق ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیان بە ئاڵۆگۆرکردنی نزیکەی 250 زیندانی کرد.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە: "پڕۆسەی ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانیان لە نێوان فەرمانگەی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیپێکردووە؛ ژمارەی زیندانیان دەگاتە نزیکەی 250 کەس."
بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندبوو، هەسەدە و حکومەتی دیمەشق رۆژی سێشەممە رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد بۆ ئەوەی هەموو بەندکراوانی یەکدی ئازاد بکەن، هێزەکانی ئاسایشی حەلەب کە سەر بە هەسەدەن، بەردەوامبن لە پاراستنی ئارامیی گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم کارە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داوودەزگە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی حەلەب دەکرێت و میکانزمی تایبەتی بۆ دادەنرێت."
بەدران چیا کورد، کە هاوسەرۆکی پێشووی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە، گوتی: "داوودەزگەکانی سووریا لە حەلەب بەرپرسیارێتیی هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر دوو گەڕەکەکە لە ئەستۆدەگرن."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، 170 بەندکراوی هەسەدە و تەرمی ژمارەیەک شەڕڤان کە لە شەرەکانی پێشوودا کوژرابوون، رادەستی هێزە زۆرینە کوردییەکە دەکەنەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا، هەسەدە نزیکەی 400 بەندکراو ئازاد دەکات و تەرمی ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق رادەستدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ