ئەمنستى: چەکداری بیانی لە کوشتنی عەلەوییەکانی سووریا بەشداربوون

03-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستیى ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند؛ بەشێک لەو عەلەویانەى لە رووداوەکانى سووریا کوژراون، رێگە بە کەسوکاریان نەدراوە بە ئاشکرا و بە رێکارە ئاینییەکان تەرمەکانیان بنێژێت، بەڵکو بەکۆمەڵ نێژراون، هەروەها دەڵێت بەشێک لەو چەکدارانەی بەشداریان لە کوشتنی عەلەوییەکاندا کردووە، بیانین.
 
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ى نیسان بڵاویکردووەتەوە، باسى لە رووداوەکانى پێکدادانانى نێوان هێزە ئەمنییەکانى سووریا و چەکدارە عەلەوییەکان کردووە لە مانگى ئادارى رابردوو لە شارە کەناراوەکانى ئەو وڵاتە، کە زۆرینەى دانیشتووانى عەلەوین. 
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، هێزە ئەمنییەکانى سووریا لە رۆژانى 8 و 9ى ئادار زیاتر لە 100 کەسیان لەشارى بانیاس کوشتووە، رێکخراوەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوەمان لە کوژرانى 32 کەس کردووە و گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کوشتنەکان بەمەبەست بووە و ئامانج لێى عەلەوییەکان بووە و کوشتنیان ناڕەوا بووە".
 
پێکدادانەکان لە شەشى ئادارى 2025 دەستیپێکرد، شارەکانى بانیاس، تەڕتوس، لازقییە و قەرداحەى گرتەوە، کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەلەوین.
  
رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ لەسەر زارى شایەتحاڵەکانى ئەو رووداوە ئاماژەى بەوەداوە، بەر لە کوژرانى عەلەوییەکان، چەکدارەکان پرسیارى ئەوەیان لێکردوون کە ئایا عەلەوین یان نا، هەندێکجاریش سەرزەنشتیان کردوون لەسەر هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى پێشووى سووریا. 
 
هەشتى کانوونى یەکەمى 2024 ، بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا وڵاتەکەى بەجێهێشت و کۆتایی بە دەسەڵاتى حیزبى بەعس هات، ئەو کاتە زۆرینەى جومگەکانى دەوڵەت بەدەست عەلەوییەکانەوە بوون.
 
بەگوێرەى راپۆتەکە، چەکدارەکانى سەر بە حکومەتى سووریا کەسوکارى کوژراوەکانیان ناچار کردووە تەرمەکانیان بەکۆمەڵ بنێژن، بەبێ ئەوەى هیچ رێورەسمێکى ئایینى و ئاشکرایان بۆ بکرێت. 
 
ئەنیاس کالامار، ئەمنیدارى گشتیی رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ دەڵێت:"بەڵگەکانمان دەریدەخەن کە هێزەکانى سەر بە حکومەت بە مەبەست هاووڵاتیانى مەدەنیى عەلەوییان کردووەتە ئامانج، وەک هێرشى تۆڵەسەندنەوە و لەنزیکەوە تەقەیان لێکردوون".
 
بە گوتەى روانگەى سوورى بۆ مافەمانى مرۆڤ، لەو پێکدادانەدا زیاتر لە 1383 هاووڵاتى سڤیل کوژراون، کە زۆرینەیان عەلەوى بوون.
 
رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ چاوپێکەوتنى لەگەڵ 16 کەسدا کردووە، کە پێنجیان خەڵکى بانیاس بوون، هەروەها لێکۆڵینەوەى لە نۆ دیمەنى ڤیدیۆیی و وێنە کردووە کە لە نێوان 7  بۆ 21ى ئادار لە بارەى ئەو رووداوانە بڵاوبوونەتەوە.
 
بە گوێرەى راپۆرتەکە: "بە بەڵگەوە کوشتنى 111 کەس تۆمار کراوە، کە لە تەڕتوس، لازقیە و حەما کوژراون، بەگوێرەى رێکخراوى مافى مرۆڤى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەگان، کوشتنە بەکۆمەڵەکان بە رێکارى کورتدا تێپەڕ بوون کە وا دەردەکەوێت لەسەر بنەماى تایفى کرابێت و لەلایەن کەسانێکەوە کراوە، کە نەناسراون."
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، چەکدارانى سەر بە دەسەڵاتى سووریا بانگەشەى ئەوە دەکەن ئەو کەسانەى کوژراون، چەکدارى سەر دەسەڵاتى پێشووى ئەو وڵاتە بوون.
 
ئەنیاس کالامار گوتى: "دەبێت لێکۆڵینەوەى سەربەخۆ بکرێت لە کوشتنى بەکۆمەڵ لە سووریا. هەر بەرپرسێک کە بەڵگەى لەسەر دەربکەوێت کە مافى مرۆڤى پێشێل کردووە، نابێت لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە".
 
سەمیر ناوى خوازراوى یەکێک لە شایەتحاڵەکانى ئەو رووداوانەیە کە رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ قسەى لەگەڵ کردووە. ئەو دەڵێت: "کاژێر نۆى بەیانى 9ى ئادار ژمارەیەک چەکدار خۆیان کرد بە ماڵەکەماندا گوللەیەکیان نا بەسەرى هاوژینەکەمەوەو کوشتیان، یەکێک لە چەکدارەکان  گوتى عەلەوییەکان هۆکارى کوشتنى برایەکم بوون، هاوژینەکەمیان بردە سەر سەربانى خانووەکەم و لەوێ کوشتیان گوایە ئەوەى پێشان دەدەن کە چۆن پێشتر عەلەوییەکان، سوننەکانیان کوشتووە".
 
ئەحمەد ناوى خوازراوى عەلەوییەکى دیکەیە کە شایەتحاڵ بووە، ئەو گوتوویەتى: "چوار چەکدار هاتنە سەرماڵمان و پرسیارى ئەوەیان لێکردین کە عەلەوین؟ باوکمان کوشت و دواى رۆیشتنیان بە 20 خولەک گەڕانەوە و تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان برد".
 
یەکێکە لەو چیرۆکانەى لە راپۆرتەکەى رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ گوێزراوەتەوە، کەسێکە کە خۆى بە سەعید ناساندووە، کاتێک چەکدارەکان چوونەتە ئەو باڵەخانەیەى کە لێى ژیاون، بەرەو سەربانى باڵەخانەکە هەڵاتوون. 
 
سەعید گوتویەتى: "کاتێک ئاوڕم دایەوە هیچکام لە ئەندامانى خێزانەکەم لەدوامەوە نەبوون، دواتر تەرمى باوکم و دوو برام بە کوژراوى لە پشت باڵەخانەکەمان دۆزییەوە".  
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە کە لەسەر زارى شایەتحاڵەکانەوە وەریگرتووە، زۆرینەى ئەو چەکدارانەى هێرشیان کردووەتە سەر عەلەوییەکان سوورى بوون، بەڵام چەکدارى بیانیشیان لەنێودا بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە