بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق: هیچ مەترسییەک لەسەر گەنم نییە

31-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، پشتیان بە باران و پڕۆژەی ئاودێری بەستووە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر گەنم و جۆ نابێت.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025) د. مەهدی جبووری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی رێژەی بارانبارین و ئەو سیستمە تایبەتەی ئاودێری بە شێوازی رشاندن بۆ جووتیارانمان دابین کردووە، ئەمساڵ هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر گەنم و جۆ نابێت."
 
لەبارەی پڕۆژەی ئاودێری بە رشاندن، د. مەهدی جبووری گوتی، "ئەو پڕۆژەیە بە پشتبەستن بە لقەکانی دیجلە و فورات و بیرەکانی کۆکردنەوەی ئاوی باران کراوە، کە یارمەتیدەرێکی باشی جووتیارانە بۆ ئاودانی بەرهەمەکانیان."
 
سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەکە لەسەر جووتیاران، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتی، "ئەگەر رووبەری 60 دۆنم بە نموونە وەربگرین، نرخی ئاودێرییەکە 40 هەزار دۆلار دەبێت، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ 30٪ـی ئەو پارەیە دەدات و 70٪ـەکەی دیکەش جووتیاران بە قیستی 10 ساڵ و بەبێ سوودخستنەسەر، دەتوانن بیدەنەوە بە حکومەت."
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەشێوەیەکی گشتی بارانبارینی ئەم ساڵ بە گوێرەی چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، بەڵام دەشتوانین، بڵێین مەترسی وشکەساڵیمان لەسەر نەماوە."
 
عامر جابری دەڵێت، تائێستا پارێزگاکانی خوارووی عێراق کەمترین رێژەی بارانبارینیان تێدا تۆمارکراوە، "بەڵام شەپۆلی دیکەی بارانبارینیش بەڕێوەن."
 
پێشبینیش دەکات، ئەم چوارشەممەیە شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بە رێژەی مامناوەند باران لە پارێزگاکاندا ببارێت.
 
ئەم گوتانە لەکاتێکدان؛ ساڵى 2024 بڕى گەنمى بەرهەمهێنراو لە عێراق گەیشتە پێنج ملیۆن و 234 هەزار تۆن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە