رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە، هێشتاش برینیان نوێیە، قوڕگیان پڕ گریان و دڵیان پڕ گلەییە لە حکومەتی بەعس و حکومەتی ئێستای عێراق. یەکیان بردی و یەکیان بۆیان ناگەڕێنێتەوە.
لەبەردەم دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، دەیان کەسوکاری ئەنفالکراو بە هەڵگرتنی وێنەی ئازیزانیان کۆبوونەوە. ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان لە لایەک و خەمساردیی 22 ساڵەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی نوێ لە لایەکی دیکە، هۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوەیان بوو.
ئامینە محەممەد، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بە رووداوی گوت، "دڵم پربوە بۆ لای براکانم دەڕۆم هەموویان لە سەماوەن."
فەرەج ئەحمەد، کەسوکارێکی دیکەی ئەنفال دەڵێت، "ئێمە بۆیە هاتووین لێرە کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو جەنازانەمان بۆ بگەڕێننەوە کوردستان، بۆ جێگەی خۆیان."
شوکرییە فەتاح، کەسێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان باس لە ئازاری دوای ئەنفال دەکات: "ئەم برامە چەند ساڵ رەزالەتم کێشا لەدوای. ئاخرەکەی براکەم رۆیی، خۆم دەرچووم، خۆشم بۆ خەفەت مامەوە."
رەزا عەلی لەنێو قەرەباڵخییەکەدا هاواری کرد: "دایکم ئەنفال کراوە، چۆن وێنەی هەڵناگرم؟ باوکم شەش مانگ لە نووگرەسەلمان بوو، چۆن وێنەی هەڵناگرم؟ چۆن ناڕۆم بۆ لای؟"
بێستوون محەممەد، کەسوکارێکی دیکەی ئەنفال، گلەیی لە لایەنە کوردییەکان هەیە و دەڵێت، "هۆکارەکەی ئەوەیە ئێستا کەس نییە گوێ لە کەسی کورد بگرێت. لە ناوخۆشمان ئەوەندەی لەسەر یەک دەخوێنین، هەوڵی برایەتی نادەین."
دوای کۆبوونەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەگەڵ سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، داواکارییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هاوار داودی، نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بەڵێنی دا داواکارییەکان ئاراستەی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانیش بکات. ئێمە کاتی خۆی داوامان کرد لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆببینەوە، بەڵام رەتیکردەوە. هیوادارین لە داهاتوودا بتوانین بیبینین."
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە کۆی 182 هەزار ئەنفالکراو، تاوەکو ئێستا تەنیا 1854 ئەنفالکراو لە 8 قۆناخدا گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. هەروەها رووفاتی 155 ئەنفالکراویش لە پزیشکی دادی بەغدا ماونەتەوە و چاوەڕێی گەڕاندنەوەن بۆ کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ