رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى تیمى گەڕان و هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق دەڵێت، لە 17 ساڵى رابردوودا 1700 رووفاتى کوردیان لە 31 گۆڕی بەکۆمەڵدا دەرهێناوە و 2007 نموونەی خوێنیان بۆ بەراوردکردن وەرگرتووە.
ئەحمەد قوسەى، سەرۆکى تیمى گەڕان و هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پرۆسەى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەلایەن فەرمانگەى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى سەر بە دامەزراوەى شەهیدان و فەرمانگەى دادپزیشکى بەغداوە بەردەوامە. ئەو کارە بەگوێرەى پلانى ساڵانە دەبێت؛ کەمیى پارە، کارمەندى پسپۆڕى ئەو بوارە و زۆریى ژمارەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان هۆکارى دواکەوتنى پرۆسەى هەڵدانەوەى گۆڕەکانە."
سەرۆکی ئەو تیمە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سەرەتاى ساڵی 2008ـەوە 31 گۆڕى بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، کە تایبەت بوون بە کورد و 1700 رووفاتى شەهیدەکان دەرهێندراون."
ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە تایبەتن بە قوربانییانى هەڵمەتى ئەنفالى دەسەڵاتی بەعس بەرامبەر گەلى کورد، کە بە چەند قۆناخێک ئەنجامدرا و 182 هەزار هاونیشتمانیی باشووری کوردستان بە شێوازی جیاواز زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.
سەرۆکى تیمى گەڕان و هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق رایگەیاند، "لە ساڵى 2024ەوە پرۆسەى وەرگرتنى نموونەی خوێنى خێزانەکان دەستى پێکردووە کە لەو ناوچانە کراوە بێسەروشێنیان هەبووە و 2500 فۆرمى بێسەروشوێن پڕکراونەتەوە و 2007 نموونەی خوێن وەرگیراوە."
ئەو نموونانەی خوێنى خێزانەکان بەراود دەکرێن بەو نموونانەی لە ئێسکى روفاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەردەگیرێت بۆ ناسینەوەیان.
ئەحمەد قوسەى گوتى، "یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم وەرگرتنى نموونەی خوێن ئەوەیە زۆربەى خێزانى قوربانییەکان نەماون یان کۆچیان بۆ دەرەوەى عێراق کردووە."
دواى دەرهێنانەوەى رووفاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دەبرێنە دادپزیشکیى بەغدا بۆ وەرگرتنى نموونە لێیان، دواى ناسینەوەیان رادەستى کەسوکاریان دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ