عێراق درۆنێکی نمایش کرد 60 کیلۆگرام هەڵدەگرێت و دەتوانێت شەش کاژێر بفڕێت

20-04-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ئەو درۆنەی عێراق نمایشی کرد
ئەو درۆنەی عێراق نمایشی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق بە چڕی دەستی کردووە بە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. لە 13یەمین پێشانگەی ئاسایش و بەرگری، نوێترین جۆری درۆنەکانی نمایش کرد.
 
تایبەتمەندییەکانی ئەو درۆنەی لە پێشانگەکەدا نمایش کرا، کێشی 60 کیلۆگرامە، درێژیی باڵەکانی 4.8 مەترە و دەتوانێت لەنێوان هەزار بۆ سێ هەزار مەتر بەرزببێتەوە. تاوەکو پێنج بۆ 6 کاژێر لە ئاسماندا دەمێنتەوە، 80 کیلۆمەتر دەڕوات، لە ماوەی 20 خولەکدا ئامادە دەکرێت بۆ فڕین. 
 
ئەو درۆنە تەنیا بۆ چاودێریکردن بەکاردێت، بەڵام دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق بەرنامەی وایە لە داهاتوودا درۆنی هەڵگری مووشەک و تەقەمەنیش دروست بکات.
 
مستەفا عاتی، سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق بە رووداوی گوت، "دەستمانکردووە بە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە بۆ چاودێریکردن بەکاردەهێنرێت، وەک دەبین بەشێکی تایبەتمان لە پێشانگەکەدا بۆ دابینکردووە، هەروەها گرێبەستمان هەیە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ زیادکردنی کە بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان و ئاسایشی نێوخۆ سوودی لێ دەبینن، ئێمە کارگەمان هەیە، مافی خۆمانە لە چوارچێوەی ئامانجەکان، بەو شێوەیە درۆن دروست بکەین کە هێزە ئەمنییەکان پێویستیانە".
 
لە 13یەمین پێشانگەی ئاسایش و بەرگریی عێراق، 150 کۆمپانیای نێوخۆیی و دەرەکی بەشدارییان کرد. لەنێویاندا ئێران چەندین جۆر درۆن و چەکی قورس و سووکی نمایش کرد. دەڵێن، ئامادەن بە دابینکردنی درۆنی زیاتر و باشتر، هاوکاریی عێراق بکەن. 
 
ئەمیر موسەوی، شرۆڤەکاری ئێرانی دەڵێت، "بەشداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم پێشانگەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەرگەی کردووەتەوە بە هەموو توانا سەربازی و ئەمنییەکانی هاوکاریان بێت، بەتایبەتی ئاسایشی سنوورەکان و پرسی ئەلیکترۆنی و دابینکردنی درۆن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە هەستیار و دوورەکان لەسەر سنوور و هەروەها ناوچە بیابانییەکان و شاخاوییەکان".  
 
لە پێشانگەکەدا دەیان جۆری چەکی سووک و قورس، پێداویستی و ئۆتۆمبێلی سەربازی نمایشکراون، بە ئامانجی برەودان بە پیشەسازیی سەربازیی نێوخۆیی عێراق و راکێشانی شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی سەربازی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

نەرمین مەعرووف: کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کۆی داهات و بودجەی حکومەت دەبێت. گوتیشی، "تائێستا کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نەبووە."