رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رایگەیاند، ئەگەر لەکاتی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق، کە بە "سەرۆکی ئێستای سووریا" ناوی برد، یاسا جێبەجێ بکرێت و دەستگیر بکرێت، لێکەوتەی دەبێت.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی :"هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هەردوو وڵاتی برا، عێراق و سووریا، شتێکی پێویستە و بەرژەوەندی هاوبەشی تێدایە، بەڵام ئامادەبوونی سەرۆکی ئێستای رژێمی سووریا [ ئەحمەد شەرعە] لە عێراق هێشتا زووە."
ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبوو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی پێشووی دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.
خەزعەلی دەڵێت: "ئەگەر یاسا جێبەجێبکرێت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت، لەوانەیە لێکەوتەی هەبێت."
خەزعەلی داوای کرد، "لەسەر بنەمای کارکردن بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، پێویستە هەمووان پابەندی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بن و رێزی لێبگرن."
بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟" گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا."
ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ