رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان رێککەوتوون، لێپرسینەوە لەگەڵ هیچ وەزیرێک نەکرێت.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنێکی ژێربەژێر لەنێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنەکان هەیە، کە لێپرسینەوە لەگەڵ هیچ وەزیرێک نەکرێت."
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنە، دەڵێت، سێ ساڵە پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵ هیچ وەزیرێک نەکردووە، راستە ئاراستەیەک هەبوو لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر بکرێت، بەڵام تازە لە هەڵبژاردن نزیک بوونەتەوە، لە کەشوهەوای هەڵبژاردن ئەستەمە لێپرسینەوە لەگەڵ هیچ وەزیرێک بکرێت.
زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 80 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە بۆ لێپرسینەوە لە ھیام یاسری، وەزیری گەیاندن لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەوە. کاروان یاروەیس دەڵێت، لێپرسینەوە لەسەر ئاستی پەرلەمانتار دەکرێت، نەک لیژنە.
حکومەتی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ