وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: هەوڵ دەدەین پێش جەژنی قوربان کۆنترۆڵی تای خوێنبەربوون بکەین

21-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون چڕ کردووەتەوە، داواش لە ئاژەڵداران دەکات لە ئەگەری گومانکردن بە تووشبوونی ئاژەڵەکانیان بەو نەخۆشییە، بە زوویی ئاگاداریان بکەنەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی نیسان محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون بەردەوامن، ئەوەش لە رێگەی پرژاندنی ئاژەڵ و گەوڕەکان، هەروەها کەرەنتینەکردنی ئەو ناوچانەی ئاژەڵی تووشبوویان تێدایە بۆ 15 رۆژ."
 
محەممەد خوزاعی داوای لە ئاژەڵداران کرد، هاوکاریان بن و لە ئەگەری گومانکردنیان بە تووشبوونی ئاژەڵەکانیان بە نەخۆشییەکە "بە زوویی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە."
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "گەنە هۆکاری تووشکردن و گواستنەوەی نەخۆشییەکەیە، بۆیە هەوڵی تەواو دەدەین پێش هاتنی جەژنی قوربان کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەین. سەرجەم هەڵمەتەکانیشمان بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی."
 
لەبارەی نەخۆشی تەبەق کە ماوەیەکە ئەو نەخۆشییەش لەنێو ئاژەڵانی عێراق بڵاوبووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "بە رێژەیەکی بەرچاو توانراوە ئەو نەخۆشییە کۆنترۆڵ بکرێت و چیدیکە مەترسی نییە بۆ سەر ئاژەڵان."
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە 19 کەس کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە