رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى سوننەى پێشووى پەرلەمانى عێراق دواى 12 ساڵ بەندکردن، ئازادکرا. ئەو تاوانبار بوو بە کوشتنى دوو سەرباز. سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار دەڵێت: "سکاڵاکارەکان سازشیان کردووە، بۆیە ئازاد کراوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـى نیسانى 2025، سەعد غازى، سەرۆکى لیژنەى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەمڕۆ ئەحمەد عەلوانى، پەرلەمانتارى سوننەى خولى پێشووترى پەرلەمان بەگوێرەى یاساى لێبووردنى گشتى ئازادکرا".
ئەحمەد عەلوانى، ئەندامى خولى دووەمى پەرلەمان بوو، یەکێک بوو لە سەرپەرشتیارانى خۆپێشاندانەکانى پارێزگاى ئەنبار لەدژى حکومەتى عێراق کە ئەو کات نوورى مالیکى سەرۆکوەزیران بوو.
هێزێکى ئەمنى لە 28ـى کانوونى یەکەمى 2013، چوو بۆ دەستگیرکردنى ئەحمەد عەلوانى، پاسەوانەکانى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووبوونەوە و دوو سەرباز کوژران، دواى دەستگیرکردنى، بە تاوانی کوشتنى ئەو دووسەربازە سزاى لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام دواتر سزاکەى کەمکرایەوە بۆ بەندکردن.
سەرۆکى لیژنەى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار رایگەیاند، کەسوکارى ئەو سەربازە کوژراوانە لە دادگە سازشیان لەسەر سکاڵاکەیان کردووە، بۆیە ئەحمەد عەلوانى ئازاد کراوە.
ئەحمەد عەلوانى، لەسەر لیستى عێراقییە ئەندامى پەرلەمانى عێراق بوو لە خولى دووەمى پەرلەمان، زۆرینەى ئەندامانى لیستەکەى سوننە بوون و ئەیاد عەلاوى سەرۆکایەتى دەکرد.
یاساى هەموارى لێبووردنى گشتى کە لە 17ـى شوباتى 2025، کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە، یەکێک لە مەرجەکانى بۆ ئازادکردنى سزادراوان ئەوەیە سکاڵاکاران سازش لە سکاڵاکانیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ