وەزیرى کارەبا: تاوەکو کۆتایی 2026 تۆڕی کارەبای عێراق و وڵاتانى دراوسێ پێکەوە دەبەسترێنەوە

20-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى کارەباى عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی 2026، تۆڕی کارەبای عێراق و وڵاتانى دراوسێى بەشێوەیەکی "سەقامگیر و پارێزراو" پێکەوە دەبەسترێنەوە.
 
زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق ئاماژەى بەوەدا، لە دوو ساڵى رابردوودا وەزارەتەکەى "هەنگاوى گەورە"ى ناوە لە دۆسیەى بەستنەوەى هێڵى کارەبا لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و هێڵى راکێشانى کارەبا لە ئوردن و تورکیاوە کەوتوونەتە کار. 
 
16ـى ئادارى 2025، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا و وەزیرى کارەباى عێراق لە بەغدا رێککەوتن بۆ زیادکردنى کارەباى هەناردەکراو بۆ عێراق بۆ دوو ئەوەندەى بڕى پێشووى، بەوەش بڕەکەى دەگاتە 600  مێگاوات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـى نیسانى 2025، زیاد عەلى فازڵ بە میدیاى فەرمیى عێراقى گوت: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ وڵاتانى ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو ئەنجامدراوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو هەنگاوانەى ماون بۆ بەستنەوەى هێڵى کارەبا بەتایبەت لەگەڵ سعودیە، چاوەڕوانى تەواوبوونى توێژینەوە راوێژکارییەکانیش دەکەین بۆ دەستپێکردنى پڕۆژەکە".
 
بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى کارەبا، حکومەتى عێراق پەناى بۆ هاوردەکردنى کارەبا بردووە لە وڵاتانى دراوسێ، بەڵام بەهۆى سزاکانى ئەمریکا لەسەر ئێران، هەناردەکردنى ئەو وزەیە لەو وڵاتەوە کێشەى تێکەوتووە. 
 
بە گوتەى وەزیرى کارەبا، ئەم ساڵ "گەورەترین هەڵمەت" بۆ شیاندنەوەى یەکەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا دراوە، بەهۆیەوە بڕى بەرهەمهێنانى کارەبا 13 هەزار مێگاواتى تێپەڕاندووە. 
 
عێراق لە وەرزى گەرما پێویستى بە نزیکەى 32 هەزار مێگاوات کارەبایە بەهۆى زۆریى خواست لەسەرى، بۆ بەرهەمهێنانى بڕى کارەباى زیاتر، پێویستى بە هاوردەکردنى کارەبا و گازە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە