رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین شەوی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بابل بۆ رۆشنبیری و هونەر، گەوهەرەکەی میزۆپۆتامیا و رووحی سەما سووڕاوەکان و تەنوورە و جلوبەرگی ئاڵ و واڵای رووسەکان، ئاوێزانی یەکتر بوون و دیمەنێکی پڕ لە وزە و جوانییان خووڵقاند.
گرووپێکی فۆلکلۆریی رووسی لە کۆماری تاتارستان، لە دوایین شەوی فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی نیو کاژێر نمایشێکی هونەری پێشکێش کرد و سەرنجی ئامادەبووانی راکێشا.
عەلا خالدی، بەڕێوەبەری ماڵی رووسی لە عێراق بە رووداوی گوت، "ئەمە رووداوێکی مێژووییە لەنێوان دوو وڵاتی وەک عێراق و رووسیا، چونکە یەکەم بەشداریکردنەوەیە دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لە چالاکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە. ئەمانەی ئامادەن گەورەترین و باشترین تیپی رووسین کە گۆرانی و سەمای فۆلکلۆر دەکەن لە کۆماری تاتارستان کە یەکێکە لە کۆمارەکانی یەکێتیی رووسیا."
سەمافانە رووسییەکان بە دیاریکراوی لە کۆماری تاتارستان هاتبوون و نمایشەکە ماندووی نەکردبوون. سەر ستەیجیش بۆیان بەس نەبوو و لە رێگەی رووداویشەوە ویستیان هونەری خۆیان زیاتر بگەیێنن بە بینەران.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بابل بۆ رۆشنبیری و هونەر لە ساڵی 1987ەوە دەستیپێکردووە و ئەم خولە، خولی 12مینی فێستیڤاڵەکە بوو. ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە لە 12ـی نیسانەوە دەستیپێکرد و شەوی 19ـی مانگ دوایین چالاکیی کرا.
عەلی جاسم، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی عێراقی و دڵخوازی گەنجان، یەکێک لە هونەرمەندە بەشدارەکانی دوایین شەوی فێستیڤاڵەکە، بە رووداوی گوت، "ئەم فێستیڤاڵە یەک لە شانازییەکانی هەموو تاکێکی عێراقییە. ئێمە وەک هونەرمەند هەموو ساڵێک ئامادەین و دێین بۆ ئێرە وە ئامادەییمان هەیە بۆ هەر شتێک کە وڵاتمان بیەوێت."
لەنێو ئامادەبوواندا، فازڵی 5 ساڵان سەرنجی راکێشا کە تەنیا کەس بوو مۆرکی کوردی پێوەبێت. ئەم منداڵە بابلییە هیچ کات سەردانی کوردستانی نەکردووە و جلە کوردییەکەشی لە بەغدا کڕیوە.
محەممەد عاید، باوکی فازڵ دەڵێت: "لە تەلەفیزیۆن و مۆبایل ئەم جلەمان بینیوە، چاومان لەوان کرد و ئەم جلەمان کڕی لە بەغدا. پێی گوتم 'بابە دەبێ ئەم جلەم بۆ بکڕیت فێستیڤاڵی بابل هەیە'."
بابل، کە ناوەکەی لە بابلیۆنی کۆنەوە هاتووە، بە دڵی شارستانیەتی جیهان دەناسرێت و پایتەختی ئیمپراتۆریەتی بابلییەکان بووە. ئێستا یەکێک لە پارێزگاکانی عێراقە و 85 کیلۆمەتر لە بەغدا دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ