عێراق
دیمەنێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی عێراق چووە بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا، بەڵام رێگەی پێنەدرا دەنگ بدات. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "دەبوو لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدات؛ وەزیر کارتی دەنگدانی تایبەتی پێبووە و بۆیە رێگەی پێ نەدراوە."
رۆژی دووشەممە 18-12-2023 عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق چووە بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا بەمەبەستی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام رێگەی پێ نەدرا دەنگ بدات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزیری ناوخۆی عێراق کارتی دەنگدانی تایبەتی پێبووە؛ بۆیە ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات. بە هۆکاری ئەوەی لە دەنگدانی تایبەتیشدا دەنگی نەدابوو، ئیدی ناتوانێت دەنگ بدات. هەموو ئەو رێکارانەش گیراونەتەبەر ئەوە بوون کە پێی راگەیێندراوە ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات."
رۆژی شەممە 16ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە تێیدا ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان دەنگدەدەن، بەڕێوەچوو.
عیماد جەمیل گوتیشی، "دەنگدان بێ کێشە و گرفت بەڕێوەدەچێت و لە هەموو بنکەکاندا تیممان هەیە بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک دروست بوو، خێرا چارەسەربکرێت."
لەبارەی دەنگدان، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "لە هەموو بنکەکانی دەنگدان خەڵک هەن و دەنگ دەدەن، بەڵام زیاتر لە کاژێرەکانی کۆتاییدا ژمارەی خەڵک زیاتر دەبێت و بەدیاردەکەوێت."
ئەمڕۆ کاژێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ