رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسانەی لە دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دەرەوەی سنووری کەرکووکن، لە پرۆسەی دەنگدان تەنیا دەتوانن لە بنکەکانی پارێزگاکە دەنگ بدەن و بۆ دەنگدان پێویستە بگەڕێنەوە پارێزگاکە.
تائێستا دوو هەزار خێزانی کەرکووک لە سنووری هەولێرەوە نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانیش دەبێت لە کەرکووک دەنگ بدەن لەوبارەوە، تاقەگوڵ حەمە کەریم یەکێکە لە ئاوارەکانی کەرکووک و دەڵێت، "بە هەر رێگەیەک بێت ئەگەر خۆمان بڕۆینەوە یان هاوکارییمان بکەن لە رۆیشتنەوەمان، ئێمە دەڕۆینەوە بۆ کەرکووک بە مەبەستی دەنگدان، ئەو شارە پێویستی بەوەیە هەر کوردێک یان هەر کەسێک دەنگبدات."
هیچ ئامارێکی فەرمی نییە، بۆ ژمارەی ئەو دەنگدەرە کەرکووکیانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بەڵام بە دەیان هەزار دەخەمڵێندرێن.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، تائێستا دوو هەزار خێزان لە ئاوارەکانی دوای 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە سنووری هەولێر ماون.
کامیل ئەحمەد، ئەفسەری پێشمەرگەیە و یەکێکە لە ئاوارەکانی کەرکووک لە هەولێر و گوتی، "سەد لە سەد حەوت دەنگدەرین دەگەڕێینەوە کەرکووک و دەنگدەدەین، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسازە."
خەلیل ئیبراهیم، پێشمەرگەیە و ئاوارەیەکی دیکەیە باس لەوەدەکات کە دەگەڕێنەوە کەرکووک و" دەست دەکەین بەو حیبرە شینەدا چونکە ئەمەش بەشێکە لە کوردایەتی، بۆیە دەبێت دەنگ بدەین و بەوە شەرعییەت بگەڕێنینەوە بۆ کورد."
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت، پارێزگای کەرکووک کە 15 کورسی بۆ دانراوە، ملیۆنێک و 53 هەزار و 284 دەنگدەری هەیە. بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، جگە لە ئاوارەی نێو کامپەکان، بۆ هەڵبژاردن دەبێ دەنگدەران بگەڕێنەوە بۆ پارێزگا و ناوچەکانیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی لە پارێزگای کەرکووک نیشتەجێیە و خەڵکی پارێزگایەکی دیکەیە یاخود دانیشتووی شارۆچکەکانی دیکەیە، رۆژی هەڵبژاردن دەتوانێت سەردانی پارێزگاکەی خۆی یان ئەو شوێنە بکات کە کارتەکەی تێدا وەرگرتووە و دەتوانێت هەر لە پارێزگاکەی خۆی یان لە ناوچەکەی خۆیدا دەنگ بدات."
لە ساڵی 2003وە ، لە کەرکووک تەنیا یەک جار و لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچووە، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق سێ جار ئەو هەڵبژاردنە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ