"هێزە مەدەنییەكان" و هەڵبژاردنی پارێزگاكان

12-12-2023
یاسین تەها
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رەنگە بۆ هێزە نوێ و مەدەنییەكانی عێراق كە خۆیان بە درێژكراوەی گوتار و بەرنامەی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دەزانن، هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023، دووڕیانێک بێت لەنێوان پووكانەوەی زیاتر، یان دەستخستنی بنكەیەكی جەماوەری و هێزی بڕیار لە ئەنجوومەنە خۆجێیەكان. ئەگەریش دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا خۆیان بسەلمێنن، ئەوا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ سەركەوتنی زیاتر لە هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمان، هەڵبەت پێچەوانەکەیشی، ئەنجامێکی دیکەی دەبێت. 
 
دەشێ ئەم هەڵبژاردنەی بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و نزیكەی 6 هەزار بەربژێر تێیدا ركابەرایەتی دەكەن، وەك دەرفەتێكی جومگەیی تەماشا بكرێت بۆ ئەو هێزە مەدەنییە نوێیانەی لە چوار ساڵی رابردوودا سەریانهەڵداوە، چونكە ئەو هێزانە كە نەیانتوانی بە بژاردەی "شۆڕشگێڕی" لە تشرینی 2019ـدا بنەماكانی پرۆسەی سیاسی عێراق بگۆڕن، ئێستا لە پاش ئەزموونی بەشداریکردن لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەبەردەم ئەزموونی بەشداریکردن لە ئەنجوومەنە خۆجێیەكانداندا كە چوار ساڵ بەر لە ئێستا، بەهۆی رق و تووڕەیی خۆپیشاندەران و تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی، بە ئیرادەیەكی جەماوەری و پاشان بە بڕیاری پەرلەمان، هەڵوەشێنرانەوە و پەكخران. 
 
هێزە مەدەنییەكان لە دەستپێكی ئامادەكارییەكانی ئەم پرۆسەیەدا سەركەوتوو بوون لە پێكهێنانی هاوپەیمانی "قیم المدني" وەك چەترێك بۆ هێزە "گۆڕانخواز و دیموكراسییەكان"، بە بەشداری 10 لایەن كە ناسراوترینیان حیزبی شیوعی عێراقییە و پەرلەمانتار سەجاد سالم و د. عەلی ئەلرەفیعی وەك هاوسەرۆكی دیاریكران، بەمەش بازیاندا بەسەر بەربەستی 1.7ـی سیستمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆی هەموواركراودا. هەمووارەکەش سەپێنراوی زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بوو بۆ رێگرتن لە سەركەوتنی هێزە بچووكەكان لە هەڵبژاردن. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، دەشێ دوورەپەرێزی سەدر و رەوتە جەماوەرییەكەی لە هەڵبژاردنەكە، وەك دەرفەتێک بۆ ئەو هێزە مەدەنییانە تەماشا بکرێت کە دەیانەوێت لەگەڵ هێزە مەزهەبی و نەتەوەییەكاندا ركابەری بكەن، بەتایبەت كە ئەوان لە قۆناخەكانی رابردوودا ماوەیەك هاوپەیمان بوون، بەڵام دەبێ ئەوەش لە پێشچاو بگیردرێت کە بەهۆی ئەوەی خودی سەدر پێداگرە لەسەر بایكۆت و شوێنكەوتەكانی مكوڕن لەسەر چۆڵ هێشتنەوەی بنكەكەكانی دەنگدان، ئەگەر كەمە هێزە مەدەنییەكان بتوانن لە بنكە جەماوەرییەكانی سەدردا سوودمەند بن، بەتایبەت كە ساردی و گرژییەكانی ماوەی رابردوو لەنێوان هەردوولا هێشتا وەكو خۆیان ماون. 
 
هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هێزە بچووك و پەرتەوازەكان گیرۆدەی ئەوەن کە جەماوەرەكانیان كۆك نین لەسەر گرنگیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، ئەمیش لەژێر كاریگەریی دوو هۆكار: یەكەمیان، گومانە زۆرەكانی سەر گرنگی و بایەخی بەشداری لە سایەی نەبوونی مەرجەكانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و ئازاد. دووەمیشیان، ئەو ئەزموونە هەژار و پڕ لە پشێوییەی پەرلەمانتارانی هێزە نوێ و مەدەنییەكان لەم خولەی ئێستادا پێشكێشیان كردووە، كە پەرتەوازەیی و بێ سەروبەری و لاوازی بەسەریدا زاڵە. ئەم بانگەشەی بایكۆتكردنە لە هەڵبژاردنی گشتیی 2021ـیشدا زیانی بەرچاوی لە هێزە مەدەنییەكان دا، چونكە بەشێك لە بنكە جەماوەرییەكانیان لەژێر كاریگەریی بانگەشەیەك بوون كە پێیوایە پێویستە "تشرین" وەك بەها و بنەما بهێڵرێتەوە و نەكرێتە ژمارەیەك لە نێو ژمارەكانی پەرلەماندا، هەروەها زۆر دەگوترا چوونە نێو یارییەكی نابەرامبەر لەسایەی نەبوونی هەلی یەکسان، سوودی نییە، بەشداریكردنیش لە هەڵبژاردن، زیاتر پرۆسەكە بۆ ركابەرەكان جوانتر دەكات تا ئەوەی خزمەت بە ناڕازیییەكان بكات. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا هێزە مەدەنییەكان لە 12 پارێزگا بە 400 بەربژێر بەشدارن، ركابەری سەرەكی ئەوانیش لەنێو 50 هاوپەیمانی و 296 حیزبی بەشداردا، هێزە شیعەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگین لەگەڵ بنكەی جەماوەریی هەندێك لە پارێزگارەكانی ئێستا لە شارەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. هەرچەندە هێزە مەدەنییەكان پەرتەوازە و ناكۆكن و هاوپەیمانییەكەیان زیاتر رواڵەتی و كاتییە، بەڵام هاوتای ئەمەش هێزەكانی چوارچێوەی شیعی جگە لە كەركووك و نەینەوا، لە پارێزگاكانی دیکەدا بەسەر چوار هاوپەیمانی و جەمسەری سەرەكیدا دابەش بوون بە سەرۆكایەتیی (مالیكی، عامری _ خەزعەلی، حەكیم _ عەبادی، هومام حەموودی)، ئەو یەكڕیزییەشی هەیانە تەنیا بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و پارێزگا فرەپێكهاتەكانە. 
 
كێشەی گەورە بۆ هێزە مەدەنییەكان بە پلەی یەكەم باڵادەستیی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و نابەرامبەریی تەرازووی هێزە بەو پێیەی ئەوان حوكمڕانن و دەزگاكانی دەوڵەتیان لەبەردەستە. بەدوای ئەمەشدا مەسەلەی رێژەی بەشداری مەترسییە لەسەر هەردوولایان، چونكە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن؛ سەدرییەكان جگە لە بایکۆتی خۆیان، هەوڵدەدەن ئەوەندەی بتوانن رێگربن لە بەشداریی چالاكانەی دەنگدەران لەو جێگایانەی کە دەتوانن. هەروەها جۆرێك لە بێ هیوایی و دڵشكانیش لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێو جەماوەردا هەیە و بەشداریی كەمیش لە هەڵبژاردنی (2021) نموونەیە. لەم هەڵبژاردنەشدا زیاتر لە 7 ملیۆن كەس نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری و 16 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە لەكۆی 23 ملیۆن، ئەمەش زیاتر لە هێزە سیاسی و تایفییەكان زیان لە بەرژەوەندی هێزە مەدەنییەكان دەدات، چونكە ئەو رێژە كەمەی كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، زیاتر جەماوەری ئاراستەكراو و ئەندامانی حیزبەكان و خەڵكانی سوودمەندنن لێیان، یان ئەوانەن کە بە پاڵنەری مەزهەبی و نەتەوەیی یان بەرامبەر بەخشین و سوودی ماددی راستەوخۆ دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئەمانەش بەشێكن لە میكانیزمی هێزە دەسەڵاتدارە گەورەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگدەران. 
 
جگە لە هێزە سیاسییە تەقلیدییەكان، ئێستا هێزە مەدەنییەكان كێشەی حیزبە دروستكراوەكانی پارێزگارەكانیشیان بۆ زیاد بووە، كە لە پۆستدان و بەهێزترینیان (ئەسعەد ئەلعیدانی) پارێزگاری بەسرەیە. هاوشانی ئەوەش هاوپەیمانییەك هەیە بەناوی "الأساس" كە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی سەرۆكایەتی دەكات و ئەویش لە هەمان بازنە و رووبەری هێزە مەدەنییەكان چالاكی و بانگەشە دەكات. بەهۆی پشتیوانە دەستڕۆیشتووەكانی لیستەكە و پێگە و پۆستی مەندەلاویشەوە، توانای هەیە هێزە مەدەنییەكان تەنگەتاو بكات. 
 
بەپێی زۆر لەو ئاماژانەی بەردەستن؛ چانسی هێزە مەدەنییەكان و میراتگرەكانی تشرین لاواز دێتە بەرچاو بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی بەرچاو لەم هەڵبژاردنەدا. هەڵبەت ئەگەری سوپرایز هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە. هۆكاری ئەم رەشبینییەش جگە لە كێشە نێوخۆییەكانی ئەم هێزانە، پێداگری هێزە گەورەكانە لە هێشتنەوەی چوارچمكی پرۆسە سیاسییەكە لە دەستی هێزە شیعە باڵادەستەكان لەم قۆناخەدا، ئەویش لەڕێگەی بەكارهێنانی تواناكانی دەوڵەت لە لایەك و بەكارهێنانی گوتاری تایفی و مەزهەبی لەلاكەی تر. ئەمە جگە لە بەكارهێنانی گوتاری خێڵەكی لە ناوچە گوندنشین و داخراوەكاندا كە فاكتەرێكی بەهێزی تاقیكراوەیە لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

راستە عێراق کێشەی نەختینەی پارەی هەیە؟

لە کۆتاییدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵێ راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت و کەمیی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی ئابووریی خەرجی دەوڵەتەوەیە، کە لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە.