عێراق
بنکەی دەنگدانی ئەلوەسەنە لە عەرەفەی کەرکووک دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەت، وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان تێیدا هەیە کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و کاژێر 06:00ـی ئێوارە کۆتاییهات.
بەرپرسی تەکنیکیی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت، دەنگدانی تایبەت کۆتاییهات و تاوەکو کەمێک لەمەوبەر لە کۆی زیاتر لە 20 هەزار کەس، نزیکەی 14 هەزار کەس دەنگیان داوە. سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، "لە کاژێر 06:01 خولەکەوە دەنگدان هەژمار ناکرێت".
رۆژی شەممە (16-12-2023) بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی تەکنیکیی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەنگدان کاژێر 6:00 راگیرا.
لە پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و 23 ئاوارە لەنێو کامپەکان و 15 هەزار و 492 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان مافی دەنگدانیان هەیە. بۆتان شێرکۆ جاف دەڵێت، "تاوەکو ئەم دواییە لە ئاوارەکان نزیکەی دوو هەزار و لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی دەرەوەی کامپەکانیش نزیکەی 13 هەزار کەس دەنگیان داوە و، دوای کاژێر 06:00 بەفەرمی دەگاتە دەستمان."
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، کاژێر 06:00 دەنگدان راگیراوە و 06:01 خولەک هیچ دەنگدانێک هەژمار ناکرێت.
کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان دەڵێت، بەگوێرەی دوایین ئەنجامەکان، ژمارەی دەنگدەر بۆ دەنگدانی تایبەت لە گەرمیان چوار هەزار و 562 کەس بووە، کە چوار هەزار و 274 کەس دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 96٪.
لە پارێزگای دیالەش 57 هەزار و 401 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، لەو ژمارەیە 40 هەزار و 50 کەس دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە
70٪.
لە خانەقین چوار هەزار و 272 کەس مافی دەنگیان هەبوو و لەو ژمارەیە، سێ هەزار و 188 کەس دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 75٪.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری قەزای شێخان تاوەکو کاژێر 05:40 خولەکی ئێوارە، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 63٪.
بەپێی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، رێژەی دەنگدان لە هەردوو کەمپی ئاوارەکانی عەربەت و ئاشتی لە سلێمانی تاەکو کاژێر 18:00 گەیشتووەتە 77٪ کە دوو هەزار و 330 دەنگدەر لە کۆی سێ هەزار و 15 دەنگدەر دەنگیان داوە.
لقی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە زاخۆش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو کاژێر 17:00 رێژەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان 74٪ بووە و لەنێو بنکەکانی ئاوارەکانیشدا 45٪.
هەرچەندە دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 48 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە جگە لە ئاوارەکان، پێشمەرگە، پۆلیس، پاسەوانی سنوور، زێرەڤانی و پۆلیسی هاتووچۆ هەن، کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە دووشەممە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی گشتی لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ