رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى پارتى سەروەرى، محەممەد حەلبووسی بە "سەرۆکى پەرلەمان" ناو دەبەن، ئەوەش لەکاتێکدایە، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، مافی ئەندامیێتی پەرلەمان لە حەلبووسی سەندراوەتەوە. ئەندامێکى لێژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت "بۆ ئەوەى بەفەرمى ئەو پۆستە لە حەلبووسی وەربگیرێتەوە، دەبێت نووسراوى دادگە بگاتە پەرلەمان."
رۆژی 15ـی تشرینى دووەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی بڵاوکردەوە کە بە "سەرۆکى پەرلەمان" ناوی بردووە، لە کۆبوونەوەیەکى دیکەدا لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى، بەهەمانشێوە حەلبووسی بە "سەرۆکى پەرلەمان" ناوی هاتووە.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینى دووەمى 2023، محەممەد حەلبووسی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتى "ئەرکی دادگەی باڵای فیدراڵی پاراستنی دەستوورە، بەڵام خۆی ئەوەی پێشێل کردووە و ناتوانێت ئەندامیێتیی هیچ کەسێک لە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ مادەى 52ـى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان."
سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، نووسینگە رۆژنامەوانییەکەی حەلبووسی، تاوەکو ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ محەممەد حەلبووسی بەکاردەهێنێت.
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ محەممەد حەلبووسی کۆبووەتەوە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنە و هەواڵی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێک بۆ حەلبووسی بەکاربهێنێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەکارھێنانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لەلایەن محەممەد حەلبوسیەوە، پەیوەندارە بەوەى کە بڕیارى دادگە بەفەرمى نەگەیشتووەتە پەرلەمان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى ئەندامیێتیەکەى، کە دەبێت ئەو نووسراوە بگاتە پەرلەمان وەک رێکارى کارگێڕی و یاسایی.
مادەى 52 پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە ئەندامیێتى پەرلەمان و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، لەدواى 30 رۆژ لە پێشکێشکردنى پەڵپ، پەرلەمان تاوتوێى دروستیی ئەندامێتى پەرلەمانتار دەکات، کە پێوستى بە دەنگى دوو لەسەر سێى پەرلەمانە. دواتر لەماوەى 30 رۆژدا دەکرێت لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تانە لە بڕیارەکە بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ