رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمانى دواخست لەدواى ئەوەى دەنگ لەسەر داواکارییەک درا بۆ دواخستنى، ئەندامێکى لیژنەى یاسایى دەڵێت "دیار نییە دواخستنەکە بۆ کەی دەبێت؟"
رۆژی 22ـی تشرینى دووەمى 2023، پەرلەمانى عێراق بە دەنگدان بڕگەیەکى دانیشتنەکەى هەڵگرت، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردەوە بۆ دواخستنى ئەو بڕگەیەى تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان، تاوەکو ئەو کاتەى رێککەوتنی لەسەر دەکرێت. داواکارییەکە خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەى دەنگ، ئەو بڕگەیە هەڵگیرا."
لە 14ـی تشرینى دووەمەوە بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، محەممەد حەلبووسی لە ئەندامیێتى و پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دوورخرایەوە.
بڕیاربوو لە دانیشتنى ئەمڕۆدا کەسێکی دیکە لە شوێنی محەممەد حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "دیار نییە دواخستنەکە بۆ کەیە و رۆژى هەڵبژاردنەکە دیارینەکراوە."
بەپێی ئەو عورفە سیاسیەی لە ساڵی 2005ـەوە پەیڕەوکراوە، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ شیعەیە، بۆیە ئەو کەسەی شوێنەکەی حەلبووسی دەگرێتەوە، دەبێت سوننە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ